پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیازێکی بڕۆکسلی پەسەندکرد کە بەپێی ئەوە تاوەکو ساڵی 2035 ئاستی دەردانی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ ڕێژەی لەسەدا سفر کەمدەکرێتەوە، ئەمەش بەشێوەیەکی کرداری مانای ئەوەدێت کە جگە لەئۆتۆمبێلی کارەبایی ڕێگە بەفرۆشتنی هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێکی تر نادرێت.
لەکۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانتارانی ئەوروپا لەکۆبوونەوەی گشتیی لەشاری ستراسبۆرگ دەقی تایبەت بەڕێکخستنی دەردانی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی ئۆتۆمبێلەکانیان لەناو یەکێریی ئەوروپا پەسەندکرد، کە بەشێکە لەپلانی یەکێتییەکە تایبەت بەپاراستنی کەشوهەوا، پڕۆسەکەش بەبەڵێی 339 پەرلەمانتارو دژایەتیکردنی 249 پەڕلەمانتار تێپەڕی، هەروەک 24 پەڕلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
لەماوەی ئامانجی سفرکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان بابەتی ململانێیەکی توندی پەڕلەمانتارانی ئەوروپا بوو، بەتایبەت کە پارتی گەلی ئەوروپیی ڕاستڕەو (گەورەترین هێزی ناو پەڕلەمان) لەگەڵ ئەوەدابوون کە تاوەکو ساڵی 2035 دەردانی گازە ژەهراوییەکان بۆ ڕێژەی لەسەدا 90 کەمبکرێتەوە، بەوپێیە ڕێگە بەفرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەدرا کە لەیەککاتدا بەبەنزینو کارەبا کاردەکەن.
ڕاستڕەوەکان دەڵێن، ترسمان لەکاریگەرییە نەرێنییەکانی بڕیارەکە لەسەر کەرتی پیشەسازیی هەیە، لەوبارەیەوە ئەنییس ئەڤرن لەپارتی گەلی ئەوروپیی دەڵێت:”ناچارکردنی سفرکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان لەباریدا هەیە بگاتە ئاستی وێرانکردنی کەرتێکی تەواوی چالاکییە پیشەسازییەکانو سزادانی توندی بەکارهێنەران”.
لەئێستادا هەردوو کۆمپانیای ئاودی ئەڵمانیو تسێلای ئەمریکی زۆرترین ڕێژەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێننو دەیخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، هەروەک پێشبینیشدەکرێت هەریەکە لەکۆمپانیاکانی کیا، مارسیدس، بیجۆ، ئۆپڵو سمارت 70٪ی بەرهەمهێنانیان تایبەت بکەن بەدروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی