دوو هاوڵاتی كـــورد لە كرماشان لە سێدارە دران

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی كورد بە ناوەكانی یووسف بەیگی و ئەیووب لەتیفی كە بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی كرماشان جێبەجێ كراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە سزای سێدارەی لاوێكی خەڵكی كرماشان بە ناوی یووسف بەیگی تەمەن ٣٣ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە جێبەجێ كراوە.

یووسف بەیگی ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

لە لایەكی دیكەوە و بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە سزای سێدارەی هاووڵاتییەكی خەڵكی شارۆچكەی سەرفیروزئاوای سەر بە كرماشان بە ناوی ئەیووب لەتیفی كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی دیزڵئاوا جێبەجێ كراوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتووە لانی كەم ٤ بەندكراوی دیكە لە بەندیخانەی دیزڵئاوا لە سێدارە دراون كە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە و بەدواداچوونەكانی هەنگاو بۆ ئاشكرا كردنی ناوی ئەو كەسانە بەردەوامە.

پەیوەندیدار