سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدری پەسەندکرد

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی کرد دەستلەکارکێشانەوەکەیان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر نوسیبویان، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، ئەمشەو محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی سەدری پەسەندکرد.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەردەکەوێت، ڤیدیۆکە ئەمشەو تۆمارکراوە و تیایدا دەردەکەوێت کە سەرۆکی پەرلەمان واژۆ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ فراکسیۆنی سەدر “وێڕای سوپاسم بۆ ئەو کارانەی لەو ماوە کەمەدا ئەنجامتانداوە، بەڵام داوا لە حەسەن غەزاری سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر دەکەین، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەکانمان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان بکات”.

ئاماژەی بەوەشکردوە،” ئەم هەنگاوە قوربانیدانە لە منەوە لەپێناو گەل و نیشتیمان و رزگاربونیان لە چارەنوسێکی نادیار کە پێشتر قوربانیمان بۆ دابو لەپێناو ئازادی عێراق و سەروەری و ئاسایش و سەرفرازی و سەربەخۆییەکەی”.

ئەم پەیامەی سەدر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە پەیامێکدا هۆشداری دایە لایەنەکان و وتی، چەقبەستویی سیاسی بەمەبەست دروستکراوە، رەوتەکەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان زۆرینەن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بۆیە بڕیاریداوە ناچێتەناو حکومەتی سازانەوە کە هەمو لایەنەکان تیایدا بەشداربن و داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان ئامادەبکەن.

پەیوەندیدار