دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی لەبارەی سكاڵای ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دوادەخات

دادگەی فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بە تاوتوێکردنی سکاڵایەک بۆ مانگی تەممووزی داهاتوو دوادەخات کە لە دژی ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2022، وادەی دانیشتنێکی دادگەی فیدراڵیی بوو لەبارەی سکاڵایەک کە لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بەناوی جەواد عەبدولکازم عەلوان، لە دژی هەریەک لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق تۆمارکراوە، لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە پاساوی ئەوەی ئەو هەنگاوە نادەستوورییە.

یەکەم دانیشتنی دادگەی فیدراڵیی لە 11ـی ئایاری 2022 بوو، بەڵام دواخرا بۆ 12ـی حوزەیران و تێیدا داواکرا نوێنەرانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی دانیشتنی دادگەکەبن.

لە ساڵی 2021 حکومەتی عێراقی بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دینار وەک پشکی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ هەولێر، بەڵام ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەشێوەیەکی بەردەوامی مانگانە نەبوو.

لە ساڵی 2022 حکومەتی عێراق تەنیا دووجار و لە مانگەکانی ئادار و ئایار، ئەو 200 ملیار دینارەی ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە 25ـی ئایاری 2022، دادگەی فیدڕاڵیی عێراق سکاڵایەکی عودەی عەواد، ئەندامی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە کە تانەی لە مامەڵەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی عێراق دابوو لەگەڵ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و بە نادەستووری لەقەڵەمیدابوو.

ووشەی خوێندراوە (189) a: zozk

پەیوەندیدار