سەرۆكی فنلەندا: بەبێ سوید نابینە ئەندام لە ناتۆ

سەرۆکی فینلاند رایگەیاند، وڵاتەکەیان رەتیدەکاتەوە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، ئەگەر داواکارییەکەی سوید بۆ ئەندامیەتی لەو هاوپەیمانییە رەتبکرێتەوە یان جێبەجێنەکرێت، چونکە هەردو وڵات بڕیاریانداوە لەم بابەتەدا تا کۆتایی هاوهەڵوێست بن.
ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ ینس ستۆڵتنبەرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاماژەی بەوەشکرد، فینلاند رەتیدەکاتەوە بەبێ سوید ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ.
ئەوەشی خستوەتەڕو، دۆسیەی سوید دۆسیەی فینلاندیشە، ئەوەش مانای وایە هەردو وڵات بە هاوبەشی لەسەر ئەم بابەتە دەچنە پێشەوە و بەبێ یەکتری هیچ هەنگاوێک هەڵناگرن.
ئەوەش لەکاتێکدایە 8ی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ دامەزراوەیەکی ئەمنییە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ئەندام نەک هاوپەیمانییەک بۆ “پاڵپشتی تیرۆر”، بۆیە نایەوێت هەمان هەڵەی فڕەنسا و یۆنان دوبارە بکاتەوە و لەم کاتەدا رێگە بە فراوانبونی زیاتری ناتۆ نادات.
تورکیا داوای لە سوید و فینلاند کردوە پشتیوانی بۆ گروپ و رێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە بوەستێنن، گەمارۆی سەر کەرتی پیشەسازی سەربازی تورکیا هەڵبگرن و ئەو سیاسییانەش بگەڕێننەوە کە تورکیا داوایان دەکات.
ناوەڕاستی مانگی رابردو سوید و فینلاند داواکارییان بۆ ئەندامبونیان لە ناتۆ بەرزکردەوە، داواکارییەکە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی رێکخراوەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەڵام تورکیا لە دژی بڕیاری بە ئەندامبونی ئەو دو وڵاتە وەستایەوە، ئەوەش وایکرد ناتۆ نەتوانێت دەست بە رێکارە پێویستەکان بکات.

پەیوەندیدار