هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هەواڵی بۆردومانکردنی چەند پێگەیەکی هێزەکانیان لەلایەن تورکیاوە لە شاری کۆبانێ دورە لەراستییەوە و هیچ بنەمایەکی نیە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئەمڕۆ دوشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، “هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە هێزەکانمان لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکییەوە بۆردومانکراون، بۆ هەمو لایەکی رون دەکەینەوە ئەو هەواڵە دورە لەراستییەوەو هیچ بنەمایەکی نیە.”
ئاماژەی بەوەشکردوە، “بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە چەواشەکارانە، لەچوارچێوەی هەوڵی گروپە بەکرێگیراوەکان دایە لەرێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشی میدیایی، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دەسەڵاتی داگیرکاری تورکی”.
دوێنێش فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) و ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبونەوە و رایانگەیاند، داوا لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو دەکەن هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا رەتبکەنەوە، هۆشداریش دەدەن کە سەرقاڵبونی هەسەدە بە بەرەنگاربونەوەی تورکیا، دەبێتەهۆی چالاکبونەوەی رێکخراوی داعش.
هەسەدە، مەسەدە و ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەراگەیەنراوێکدا باسیان لەوەشکردبو، هەر هێرشێکی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان هێرشێکی سەرکۆنەکراوە، چونکە ئامانجی هێرشەکە “داگیرکردنی خاکی سوریا و دروستکردنی کارەساتی مرۆییە، هەروەها هێرشەکەی تورکیا کاریگەری لەسەر تواناکانی هەسەدە دەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر”.