محەممەد جەعفەر سەدر، بەربژێری هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەربژێریی کێشایەوە و گوتی، “بۆ پڕۆژەی نیشتیمانی چاکسازیی موقتەدا سەدر بەربژێربوونم قبووڵکرد.”
رۆژی دووشەممە 13ـی حوزەیرانی 2022، محەممەد جەعفەر سەدر کە بەربژێری هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە توویتێکدا کشانەوەی لەو بەربژێرییە راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا کە بەربژێرکردنی بۆ ئەو پۆستە لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر قبووڵکردووە وەک “پاڵپشتییەک بۆ پڕۆژە نیشتیمانییە چاکسازییەکەی” و دەڵێت، “ئێستا کاتی پۆزشهێنانەوە و کشانەوەیە.”
لە 23ـی ئاداری 2022، هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان رایگەیاند، محەممەد جەعفەر سەدر، بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق وەک گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی عێراق.
محەممەد جەعفەر سەدر کە ئامۆزای موقتەدا سەدرە، سوپاسی هاوپەیمانی زرگارکردنی نیشتمانی کرد بۆ ئەو متمانەیەی پێیانداوە.
ئەو هەڵوێستەی محەممەد جەعفەر سەدر لە دوای ئەوە هات کە لە 12ـی حوزەیرانی 2022، سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کە 73 پەرلەمانتار بوون، دەستیان لەکارکێشایەوە و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکانی پەسندکردن.
دەستلەکارکێشانەوەکان لەسەر داوای موقتەدا سەدر بوو کە پێشتر ئامادەکرابوو. رۆژی 12ـی حویزەران سەدر لە نامەیەکدا بۆ حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان داوای لێکرد نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانیان رادەستی سەرۆکی پەرلەمان بکەن.
سەدر لەو نامەیەدا سوپاسی محەممەد جەعفەر سەدر دەکات و دەڵێت، “سوپاسی بەڕێز جەعفەر سەدری ئامۆزامان دەکەم و بەردەوامبێت لە سەرکەوتن کە پێشتر بەربژێرمان بوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.”