فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ رایگەیاند، لە بەرەیەیانی ئەمڕۆوە 14ـی حوزەیرانی 2022، هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە سنووری ئەو زنجیرە چیایە لە دژی چەکدارانی داعش دەستپێکردووە.
غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی خۆبەخشی سنووری چیای قەرەچووخ لە قەزای مەخموور رایگەیاند، لە کاژێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆوە یەکەیەکی تایبەتی دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە چیای قەرەچووخ لە دژی پاشماوەی چەکدارانی رێکخراوی داعش دەستپێکردووە، بەدیاریکراوی لە ناوچەکانی بەرامبەر بە گوندی عەلی رەش.
چیای قەرەچووخ لە قەزای مەخموور دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای هەولێر و باشووری خۆرڵاهەڵاتی شاری موسڵ.
غازی فەیسەڵ کە هێزەکەی بۆ بەرگریکردن لە گوندەکانی ئەو سنوورە پێکهێندراوە، دەڵێت: هاوپەیمانان بە فڕۆکەی چاودێری و جەنگی لە ئاسمانەوە و چەکدارە خۆبەخشەکانی ئێمەش وەک رێپیشاندەری هێزەکانی دژە تیرۆر بەشدارن لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە چەند ناوچەیەکی سەختی زنجیرە چیای قەرەچووخ دەگرێتەوە و گومان دەکرێت چەکدارانی داعش خۆیان لێ حەشاردابێت.
لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لە ساڵی 2017، چیای قەرەچووخ بووەتە شوێنی خۆحەشاردانی پاشماوەی چەکدارانی داعش.