ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەسەر روداوەكەی دوێنێی دادگای سلێمانی كە بە شەق لە ژنێك و كەسوكاری قوربانییەك هەڵدرا رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، بڕیاریان داوە بە پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستبوونی رووداوەكە و دەركەوتنی راستیەكان.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، لە رۆژی 13ی 6ی 2022 لەناو دادگای سلێمانی رووداوێكی هێرشكردنە سەر چەند ئافرەتێك لەلایەن هێزە ئەمنیەكان روویدا.
ئەوەش هاتووە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆمان سەبارەت بەو رووداوە ناخۆش و نەخوازراوە، بڕیاریاندا بە پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستبوونی رووداوەكە و دەركەوتنی راستیەكان و دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوە ئەنجامەكان بۆ رای گشتی رادەگەیەنن.
رۆژی دووشەممە لەناو دادگای سلێمانی كێشە و دەنگە دەنگ لە نێوان خێزانی قوربانییەك بەناوی “تارقی بەقاڵ” و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان دروست بوو، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوكراوەتەوە، ئەندامێكی ئەو هێزانە بە شەق و بۆكس لە ژنێك دەدات و ئازاری دەدات، دواتریش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەسەر ئەو رووداوە هاتە دەنگ.