بەهۆی کەمی و گرانی نرخی بەنزین، بەشێک لە شۆفێرانی تەکسی لە شاری هەولێر لەسەر رێگای کەسنەزان گردبوونەتەوە.
ئەمڕۆ چووارشەممە، بەهۆی کەمی و گرانکردنی نرخی بەنزین و نەبوونی بەنزینخانەی 690 دیناری پێویست، شۆفێرانی تاکسی لە شاری هەولێر گردبوونەوە و داوای هەرزانکردنی نرخی بەنزین و زیادکردنی ئەو ژمارەی بەنزینخانە 690 دینارییەکان دەکەن.
شۆفیرێك ئاماژەی بەوەکرد، بەو نرخی بەنزینەی ئێستا هەیە ناتوانن کار بکەن و هیچیان دەست ناکەوێت و نرخەکە زۆر بەرزە و پێویستە 12 کاتژمێر بووەستن بۆ وەرگرتنی 26 لیتر بەنزین و زۆر کات وەریشی ناگرن.
ئەمەش لە کاتیکدایە، لەماوەی رابردوودا نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و تەنها لەماوەی مانگێکدا نزیکەی 400 دینار چووەتە سەر هەر لیترێک بەنزین و ئەوەش بارگرانی لەسەر ژیانی خەڵک دروست کردووە.
ماوەی چەند رۆژێکە بە تایبەت دوای بەرزبوونەوەی زۆری نرخی بەنزین لە بەردەم بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان نۆرەیەکی زۆر دەگیرێت. زۆجار نۆرەبڕینیش هەیە، ئەمەش وایکردووە شەڕ و دەمەقاڵێ لە سەر نۆرەبڕی بۆ وەرگرتنی بەنزینی 690 دیناری دروست ببێت.
لە هەولێر 5 بەنزینخانە بۆ وەرگرتنی بەنزینی 690 دیناری بۆ خاوەن تاکسییەکان دیاری کراوە و لە نێوان 8 بۆ 13 بەنزینخانەش بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت، لە رۆژانی رابردوو نرخی بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی 1225 دینار.
کەمبوونی بەنزینخانە، گرانی بەنزین و خراپی کوالێتی بەنزین هۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتی خاوەن ئۆتۆمبیلەکانە.
ووشەی خوێندراوە ( 199) zozk