بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە ناچاربون نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ چاودێری توشبوان تەرخان بکەن، زیادبونی حاڵەتەکان و نیشانەکانیش وایکردوە گومانی ئەوە بکەن کە ئەو پەتایەی ئێستا بڵاوبوەتەوە کۆلێرا بێت، بۆیە چەند رێنماییەکی خۆپارێزی بڵاودەکەنەوە.
د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشكرد، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا حاڵەتەکانی توشبون بە سکچون و رشانەوە زۆر زیادیانکردوە، بەوهۆیەش ناچاربون نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ چاودێری توشبوان تەرخان بکەن.
باسی لەوەشکرد، بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان گومان دەکات ئەو پەتایەی ئێستا بڵاوبوەتەوە کۆلێرا بێت، بۆیە بەمەبەستی خۆپارێزی لەماوەی داهاتودا چەند رێنماییەک بڵاودەکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، وەک هەنگاوی سەرەتایی داوایانکردوە چێشتخانەکان سەوزە پێشکەش نەکەن بەپێچەوانەوە دادەخرێن، هەروەها داوا دەکەن بەهیچ شێوەیەک دەرمانی گیایی بۆ منداڵان بەکارنەهێنرێت.
کۆلێرا سکچونێكی ئاوی توندە، بەهۆی پیسبونی سەرچاوەکانی ئاو و خۆراک توشی مرۆڤ دەبێت و سکچونێكی مەترسیدار دروستدەکات، ئەگەر بەزوی چارەسەر نەکرێت، مەترسی ئەوە دروست دەکات کە لە چەند کاتژمێرێکدا کەسی توشبو بکوژێت.