دوای زیاتر لە پێنج مانگ تەرمی سێ كۆجبەری كورد لە كەناراوەكانی یۆنان دۆزرانەوە

نوێنەری دەزگای لووتکە لە وڵاتی یۆنان رایدەگەیێنێت، تەرمی سێ کۆچبەری کورد لەلایەن پۆلیسی دەریایی یۆنانەوە دۆزراونەتەوە کە دووانیان منداڵن.
حوسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە وڵاتی یۆنان رایگەیاند، دوای ئەوەی تەرمی 3 كەس لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە لە كەنارەكانی ئەو وڵاتە دۆزرانەوە، ناسنامەكانیان ئاشكرا بوو كە سێ‌ كۆچبەری كوردن.
شێخ حسێن حەمە ساڵح ئاشكرای كردووە، دوای زیاتر لە 5 مانگ بەسەر رووداوی ژێر ئاوكەوتنی یەختێكی كۆچبەران لە بەرواری 21ی 12ی 2021 لە نزیك دوورگەی سانتۆرینی یۆنان، تەرمی سێ كۆچبەری كورد بە چەند قۆناغێكی جیا جیا لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنان دۆزرانەوە.
دەزگای لووتکە ناسنامەی ئەو سێ کۆچبەرە کوردەی بڵاوکردووتەوە:

  • ئەمیرە عوسمان خدر – لەدایکبووی 1-1-1989
  • هەناسە هەژار محەممەد – لەدایکبووی 25-5-2017
  • رێژوار رێبوار عەبدوڵڵا – لەدایکبووی 10-8-2014

حوسێن حەمەکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، دوو منداڵەکە خەڵکی قەزای کۆیەن، یەکێکیان منداڵی ئەو خێزانەیە کە تەنیا منداڵێکیان لە رووداوەکەدا رزگاری بوو و دواتر گەڕێندرایەوە بۆ کۆیە.
حوسێن حەمەکەریم باسی لەوەشکرد، کە لەکاتی رووداوەکەوە دەزگاکەیان زانیاری لەسەر سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی لەو رووداوە بێسەرشوێن بوون کۆکردووەتەوە، دواتر ئەنجامی پشکنینی پزیشکیی کەسوکاریان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی یۆنان کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کۆچبەرانەی تەرمەکانیان دەدۆزرێنەوە و یان رزگار دەکرێن.
لە دوای رووداوەکەی21.12.2021 تەرمی شەش هاونیشتمانی دۆزرانەوە و دواتر رەوانەی هەرێمی کوردستان کرانەوە، بە دۆزینەوەی ئەم سێ تەرمە ژمارەی تەرمە دۆزراوەکان دەبنە نۆ تەرم؛ لە هەمان رووداودا حەوت هاونیشتمانی رزگاریان بوو.

ووشەی خوێندراوە ( 217) – zozk

پەیوەندیدار