لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمەریکا، ژنە نوسەری کتێبی “چۆن مێردەکەت بکوژێت؟”، لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرکرا.
نانسی برۆفی کە نوسەری چیرۆکەکانی خۆشەویستییە، ساڵانێک پێش کوشتنی مێردەکەی لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “چۆن مێردەکەت بکوژیت؟” پێشبینی بۆ کوشتنی مێردەکەی کردبو.
ئەو ژنە تەمەن (71) ساڵە مانگی ڕابردو بە کوشتنی مێردەکەی تۆمەتبار کرا و راپێچی زیندانکرا، دەستەی دادوەران بۆیان دەرکەوت کە لە ساڵی 2018 تەقەی لە مێردەکەی کردوە و کوشتویەتی.
وەک لە راپۆرتی دادوەراندا هاتوە “برۆفی بۆ ئەوەی بیمەی ژیان وەربگرێت کە بەهاکەی 1.5 ملیۆن دۆلارە ئەم کارەی کردوە”.
ئەو خانمە نوسەرە چەندین رۆمانی دیکەی هەبوە کە بەناوی سەرنجڕاکێش بڵاوی کردونەتەوە وەک رۆمانەکانی “مێردی هەڵە” و “خۆشەویستە هەڵەکە”، بابەتی سەرەکی کتێبەکانی پەیوەندییە هەڵەکان بون کە لە نوسینەکانیدا هەرگیز پەیوەندییە خێزانییەکان جێگیر نەبون.
دوای نوسینی کتێیبی “چۆن مێردەکەت بکوژیت؟”، لە پۆستێکی سڕاوەدا دەربارەی “کوشتن” نوسیویەتی: “ئەوەی من سەبارەت بە کوشتن دەزانم ئەوەیە کە هەر کام لە ئێمە لە ئەندازەی خۆی زیاتر فشارمان لەسەر بێت، پەنا دەبەینە بەر کوشتن”.
لە کتێبی “چۆن مێردەکەت دەکوژیت؟” باس لەچەندین شێوازی جیاجیا دەکات بۆ کوشتنی هاوسەرەکەی.
لە دادگادا سەلمێنراوە کە نانسی کرۆمپتۆن برۆفی “هۆکار و ئامرازی پێویست” ی هەبوە بۆ کوشتنی مێردەکەی.
ئەوەش خراوەتەڕو کە ئەو دو هاوسەرە لە باری داراییەوە لە دۆخێکی سەختدابون و ژنەکە دوای مردنی هاوسەرەکەی ویستویەتی بیمەی گەورە لە دەوڵەت وەربگرێت.
دانیال برۆفی کوژراو کە مێردی ژنەکەیە، شێف و مامۆستا بوە لە پەیمانگای کۆلینی ئۆریگۆن، لەساڵی 2018 لە ناو چێشتخانەی پەیمانگاکە لاشەکەی دۆزرابوەوە کە شوێنەواری فیشەکی پێوەبوە.
ووشەی خوێندراوە ( 237) – zozk