هەرچەندە بەشێکی زۆری خەڵکی پابەندی وەرزشکردنن لە کاتەکانی ئێواراندا و هۆکاری ئەو بڕیارەشیان بۆ نەبونی توانای زو هەستان و کێشەی کەمخەوی لە بەیانیاندا دەگەڕێننەوە، بەڵام بە گوێرەی دواین توێژینەوەکان وەرزشکردنی بەیانیان توانای پابەندبون بە کارەکانت، کەمکردنەوەی کێش، بەهێزکردنی توانای مێشک، سوڕی خوێن و لێدانی دڵ بەشێوەیەکی باشتر رێکدەخاتەوە.
لەوبارەیەوە توێژینەوە تەندروستییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، زو هەستان لە خەو و وەرزشکردن لە کاتێکی زوی بەیانیاندا توانای بەردەوامبون و پابەندبونی رۆژانەی زیاترت بۆ دەستبەردەکات، بە پێچەوانەوە بەهۆکاری هیلاکی و کارکردن بۆ ماوەیەکی زۆر لە رۆژدا یان بەهۆی دیداری خێزانی و هاوڕێیان زۆرجار وەرزشکردنی ئێواران بەشێوەیەکی رێکخراو ئەنجام نادرێت.
یەکێک لە سودە سەرەکییەکانی وەرزشکردن لە کاتێکی زوی بەیانیاندا ئەوەیە هاوکاری بڵاوبونەوەی هۆرمۆنی ئیندرۆفینە کە هەستەکان رێکدەخات و یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری رۆژانە دەدات، هەروەها وەرزشکردن لەو کاتەدا هاوکارێکی سەرەکییە بۆ دابەزینی کێش و سوتاندنی چەوری.
یەکێکی دیکە لە سودەکانی وەرزشکردنی بەیانیان بریتییە لە زیادکردنی چالاکییە زهنییەکان، لەبیرنەچونەوەی شتەکان و توانای وردبونەوە لە پرسەکان، پەیوەست بە سودەکانی بۆ جەستەش توێژینەوەکان دەڵێن، وەرزشکردن لە بەرەبەیاندا سوڕی خوێن، لێدانی دڵ و فشاری خوێن بەشێوەیەکی باشتر رێکدەخاتەوە و جەستەیەکی رێک و نمونەییش بە کەسەکە دەبەخشێت.