ڕێکخەرانی مۆندیالی قەتەر دەیانەوێت لە بیابانەکانی ئەو وڵاتە هەزار چادر بۆ هاندەران هەڵبدەن.
رێکخەرانی مۆندیالی قەتەر بۆ پێشوازیکردن لە یەک ملیۆن 200 هەزار هاندەر و لە پێناو کەمکردنەوەی کێشەی مانەوەیان لەو وڵاتە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا بە نیازن هەزار چادر لە بیاباندا هەڵبدەن.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی نیشتەجێبوون لە لیژنەی باڵای گەیاندن و میرات لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوە یەکێک دەبێت لەو بژاردانەی کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەخرێتەڕوو، ئەوەش ئۆردوگایەكی ڕاستەقینەیە دەبێت و ئەوان ئەزموونی بیابان و چادرەكان بە خەڵکی دەرەوەی وڵاتەکەیان ئاشنا دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چادرانە تەنها سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبای بۆ دابیندەکرێت، بەبێ دابینکردنی سیستەمی فێنککەرەوە و چادرەکانیش لە کەناری سیلاین لە باشووری وڵات هەڵدەدرێن، جگە لە شوێنی دیکە کە دواتر ڕادەگەیەنرێن، گرتنەبەری ئەو ڕیگەیەش بەهۆی گرانی نرخی هۆتێلەکانە کە لە ئێستادا تەنها 100 هەزار ژوور بۆ میوانان و هاندەرانی هەڵبژاردەکان بەردەستە.