بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی منداڵانی سلێمانی: منداڵێك بە سكچوون و رشانەوە گیانی لەدەستدا

لەماوەی چەند رۆژی رابردودا شەپۆلێکی بەهێزی سکچون و رشانەوە هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و زۆرینەی توشبوانیش بریتین لە چینی منداڵان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانیش لە سلێمانی رایگەیاند، یەکەم حاڵەتی مردنی منداڵێک بەهۆی سکچون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراوە.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی رایگەیاند، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ لە نەخۆشخانەکەیان بەهۆی سکچون و ڕشانەوە مردنی راگەیەنراوە.
لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەوانەی لە نەخۆشخانەکەیان چارەسەر وەردەگرن، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا گوتی کە “حاڵەتی قورس، ترسناک و وشکبوونەوەی تێدایە، بەڵام ئەوە ناگەیێنێت کە بەشی هەرە زۆریان بەو جۆرەن؛ بە دڵنیاییەوە حاڵەتی وەهایشی تێدایە؛ رەنگە لەم چەند رۆژەدا گیانلەدەستدانیشی تێدا بووبێت. هەموو ساڵێک ئەوە هەیە و شتێکی تازە نییە؛ لەبەرئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی کە دایک و باوکان تاوەکو چەند هۆشیارییان بەرامبەر منداڵەکان تێدایە؛ بۆیە هەر نەخۆشێک بگەیێندرێتە لای ئێمە، بە دڵنیاییەوە چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.”
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لەبارەی گیانلەدەستدانی منداڵێک لە نەخۆشخانەکەی لە چەند رۆژی رابردوودا گوتی: “ئەوەی کە گیانی لەدەستداوە، سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوەیەکی زۆر زۆری هەبوو؛ ئەوانیش(کەسوکاری منداڵەکە) دەرمانی گیاییان پێدابوو؛ ئینجا ئەم گیانلەدەستدانە راستەوخۆ بەهۆی گیادەرمانەکەوە بووە یان بەهۆی درەنگ گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە ئەوە تاوەکو ئێستا نادیارە؛ هەموو ساڵێکیش ئەم حاڵەتانەمان هەیە.”
بەگوتەی دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، ئەو منداڵەی کە گیانی لەدەستداوە ”تەمەنی سێ بۆ چوار ساڵان بووە و چەند رۆژێک پێش ئێستا گیانی لەدەستداوە.”
ئەو پزیشکە رێنوێنی دایک و باوکان و ئەوانە دەکات کە سکچوون و رشانەوەیان هەیە بەزوویی سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە ماوەی 24 کاژێردا نزیکەی 600 کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەری سکچوون و رشانەوە دەچنە نەخۆشخانەکانی سلێمانی.

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی سکچوون دەبن، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون رایگەیاند: لە سلێمانی تووشبوون بە پەتای سکچوون ستانداردی جیهانی “تێپەڕاندووە” و گومانێکی زۆر دەکەن کە پەتای کۆلێرا بێت.


ووشەی خوێندراوە ( 300) – zozk

پەیوەندیدار