دەوڵەتی یاسا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی پەرلەمان دەكات

سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دوبارە بونەوەی هێرشەکانی تورکیا لە عێراق و وەرگرتنی بڕیارێک دژی بەردەوامی پێشێلکردنی سەروەری عێراق، داوا دەکەن بەپەلەی پەرلەمان کۆببێتەوە.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، جێگەی سەرسوڕمانە کە حکومەت بێدەنگە بەرامبەر دوبارە بونەوەی هێرشەکانی تورکیا لە وڵات وبەردەوامی پێشێلکردنی سەروەری عێراق، بەجۆرێک لەم دوایانەدا هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتە قوربانی بەردەوامی هێرشەکان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هێرشە دوژمنکاریانە پێچەوانەی بنەمای دراوسێیەتی باشن و مەترسی هەیە هێرشەکان فراوانتریش ببن، بۆیە پێویستە حکومەت لەرێگەی دیپلۆماسییەوە سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان تۆمار بکات، چونکە هێرشەکانی تورکیا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا داواش دەکات پەرلەمان کۆبونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات لەسەر ئەو بابەتە و بڕیارێک دەربکات، بۆ ئەوەی حکومەت پابەندبکات بە پاراستنی عێراق، سەروەری خاک وخەڵکەکەی.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ لە هێرشێکدا لە قەزای کەلار لە سنوری ئیدارەی گەرمیانی هەرێمی کوردستان، کە لە رێگەی درۆنێکەوە بو، چوار کەس شەهید بون و کەسێکیش بریندار بو. بە گوێرەی دژە تیرۆری کوردستان ئۆتۆمبێلەکە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ی تێدا بوە و درۆنێکی تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوە.

ووشەی خوێندراوە ( 173) – zozk

پەیوەندیدار