نوێنەری سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایدەگەیەنێت؛ ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە باکوری سوریا دەبێتە ئەگەری هاندانی کوردان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، جەختیش دەکاتەوە، دروستبونی ئەو دەوڵەتە لەبەرژەوەندی عێراق و سوریاو تورکیاو ئێراندا، نابێت.
ئەلیکساندەر لاڤرینتێڤ، نوێنەری ڤلادمێر پوتن سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند: ئێمە بە دەسەڵاتدارانی تورکیامان وتووە، ئۆپەراسیۆنی ئێوە لە باکوری سوریا هەستی جوداخوازی لەناو کورداندا زیاتر دەکات و هانیان دەدات بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
لاڤرینتێڤ وتوشیەتی،” دروستبونی ئەو دەوڵەتە کوردییە، لەبەرژەوەندی وڵاتانی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێران، نابێت”.
نوێنەرەکەی پۆتن، ئاشکراشیکرد کە شاندی روسیا لە دانوستاندنەکانی ئاستانا هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ رازیکردنی تورکیا تا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە باکوری سوریا پاشگەز ببێتەوە.
جەختیشی کردۆتەوە کە تورکیا هەموو گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ کوردانی سوریا رەتدەکاتەوە.
لاڤرینتێڤ باسی لەوەشکردووە، دورنیە ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا لە باکوری سوریا، روبەڕوبونەوەی راستەوخۆ لە نێوان سوپای تورکیا و سوریا دروست بکات.
نوێنەری سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن کوردان رازی بکەن هێزەکانی سوریای دیموکرات تێکەڵی سوپای سوریا بکەن.
ووشەی خوێندراوە (158) – zozk