پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ‌ دەكەن

رۆژی دوشەممەی داهاتو سەرۆکی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرە بۆ جاری شەشەم کۆدەبنەوە، لەکۆبونەوەکەدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، گەڕاندنەوەی سیستمی پەرلەمانی و بونی کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تاوتوێ دەکەن.

لەکۆبونەوەی رۆژی 20ی ئەم مانگەدا هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە، مەرال ئاکشەنەر سەرۆکی ئیی پارتی، ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندە، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دێڤا، تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات ئامادە دەبن و گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
بەگوێرەی زانیارییەکان لەکۆبونەوەکەدا جگە لە پرسی هەڵبژاردن، دۆخی ئابوری تورکیا و دوایین پێشهاتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن باوەڕیان وایە، بەهۆی بونی قەیرانی دارایی، دابەزینی بەهای لیرە و دروستبونی هەڵاوسان، پارتی داد و گەشەپێدانی حکومڕان هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بۆ 6ی تشرینی دوەم یان 27ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ پێش دەخات، کە بەگوێرەی یاسا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023دا ئەنجام دەدرێت.

ئەو کۆبونەوانە بێ بەشداری هەدەپە بەڕێوەدەچن، لە کاتێکدا هەدەپە یەکێکە لە پارتە بەهێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا و خاوەن جەماوەرێکی زۆرە؛ لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە 2019 بەڕێوەچو، هەدەپە پشتیوانی لە جەهەپە کرد و بەوجۆرە ئۆپۆزسیۆن گەورەشارەوانییەکانی وەکو ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و چەندین شارەوانیی دیکەی گرنگ لە ئاکپارتی وەرگرتەوە.

هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە زوتر هۆشداریی دایە تەواوی پارتەکان بەوەی هیچ هاوپەیمانییەکی نافەرمی پەسند ناکات و لە ئەگەری نەبونی رێککەوتنی واژۆکراودا پشتیوانیی هیچ لایەنێک ناکات.

ووشەی خوێندراوە ( 224) – zozk

پەیوەندیدار