شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق لە هەرێمی كوردستانن

شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 19-6-2022 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان کۆببێتەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، راگەیاند: “ئەندامانی شاندەکە بریتین لە فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ چەندین سەرکردەی باڵای دیکەی سەربازی و ئەمنی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی فیدراڵیی عێراق؛ بڕیارە شاندەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق”.

بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە و ئەوەش بووەتە شوێنێک بۆ مانەوەی چەکدارانی داعش.

بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستکەوتوون، لە 1-1-2022ـەوە تاوەکو 30-4-2022، چەکدارانی داعش لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، 54 هێرشیان ئەنجامداوە و بەوهۆیەوە 36 کەس شەهیدبوون و 45ـی دیکە برینداربوون و پێنج کەسیش رفێندراون.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: “بە دڵنیاییەوە شاندەکە هاوئاهەنگیی ئەمنی لەنێوان هەردوولادا تاوتوێ دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە”.

پەیوەندیدار