شەڕ و پێكدادانی قورس لەنێوان گرووپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەر بە توركیا لەباكوری حەلەب بەردەوامە

شەڕ و پێكدادانی قورس لەنێوان گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی سەر بە توركیا لە باكووری شاری حەلەبی باكووری سووریا بەڕێوەدەچێت و كوژراو و بریندار هەیە.

سەرچاوە مەیدانییەكان ئەمڕۆ یەك شەممە بۆ كەناڵی سكاینیوز رایانگەیاند شەڕ تا ئێستا بەردەوامە لەنێوان گرووپی چەكداری توندڕۆی ئیسلامی بەرەی شامی و ئەحرار شام.

لە شەڕەكەدا چەكی قورس بەكاردەهێندرێت و بەلای كەمەوە 10 كەس لە هەردوولایەنی شەڕ لە كاتژمێرەكانی رابردوودا كوژراون.

ژمارەیەك لە رێگاكانی نێوان شار و شارۆچكەكانی باكووری حەلەب داخراون بەهۆی ئەم شەڕەوە.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چڕی خاڵەكانی چاودێری سووپای توركیا لە ناوچەكەدا، بەڵام سووپای توركیا دەستوەردانی لەم شەڕەی نێوان گرووپە توندڕۆكاندا نەكردووە.

بەردەوام شەڕ لەنێوان ئەم گرووپە چەكدارە توندڕۆیانەدا روو دەدات لە سنووری ناوچەكانی سەرێ كانیێ لە خۆرئاوای حەسەكە و گرێسپی لە رەقە.

ئەم گرووپانە بە هاوكاری سووپای توركیا شارەكانی عەفرین و گرێسپی و سەرێكانیێ و چەند ناوچەی دیكەی رۆژئاوای كوردستانیان داگیركردووە و سەروەت و سامانەكەیان تاڵانكردووە.

پەیوەندیدار