فاضل موات : مالیکی کەسێکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران

پەڕلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە کە بژاردەی کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق یەکێکە لە بژاردە بەهێزەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی باش درکی بەوەکردووە کە مالیکی گونجاوترین کەسە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی ئەو قۆناغە سەختە لەئەستۆ بگرێت کە وڵات پێیدا گوزەر دەکات.

فازیڵ موات پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە: چوارچێوەی هەماهەنگی چەند مەرجێکی داناوە بۆ ئەوکەسەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دەبێت، لەوانە لێوەشاوەیی، پاکی و توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ئەزموونی سیاسیی لە ئیدارەدانی حکومەت، کە ئەو تایبەتمەندیانە بەتەواوەتیی بەسەر نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا جێبەجێ دەبێت.

بە وتەی موات، بەشێکی زۆر لە چاودێرانی دۆخی سیاسیی و مەرجەعیاتەکان پێیان وایە مالیکی کەسێکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وةزيران، لەبەرئەوەی توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە گەورانەی هەیە کە حکوومەتەکەی مستەفا کازمی بەهۆی لاوازیی و پاشکۆیەتییەوە درووستیکردووە.

موات جەختی کردۆتەوە کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا زۆر بەهێزەوە بژاردەی کاندیدکردنی نووری مالیکی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا هێناوەتە بەرباس، کە لەنێوان 2006 بۆ 2014 بۆ دوو خول لە پۆستەکەدا بووە.

پەیوەندیدار