وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم گلەیی لە حكومەتی عێراق دەكات كە لە دروستكردنی هەزار قوتابخانەی نوێدا هیچ پشكێكی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق بەردی بناغەی ١٠٠٠ قوتابخانەی نوێی لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی عێراقی – چینی دانا، ئەوان پیرۆزبایی لەو پارێزگایانە دەکەن کە لە چوارچێوەی هەرێم رێکنەخراون و ڕایان وایە شیاوی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشن.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە “بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بێبەشکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە کە ١٥٠ قوتابخانەیە و بە نوسراومان ژمارە ٣٧٤ لە ٢٣ ی ١١ ی ٢٠٢٠ ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالمان کردووە، لە كاتێكدا پارێزگارەکانی کوردستان لەسەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێکەوتننامەیە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەکانە”.
راگەیەنراوەكە دەڵێت “لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعش لە ٢٠١٤وە، زۆرێک لە دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان ڕوویان کردە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ، ئێستا زیاتر لە ١٨٠ هەزار قوتابی ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانمان بۆ تەرخانکردوون، بەجۆرێک قوتابخانەی یەک دەوامیمان بووەتە دوو دەوامی و دوو دەوامی بۆتە سێ دەوامی بەهۆی ئەو تەرخانکردنەوە کە ئێمە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی لێی دەڕوانین، تەنانەت داوای ١٠ ملیار دیناری عێراقیمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە و حکومەتی عێراقی فیدرال رەتیکردووەتەوە”.