لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەر، نووسەر و رۆشنبیری نێوداری کورد بەڕێوەدەچێت.
دانیشتنەکە کاتژمێر 10:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 20ی حوزەیرانی 2022 لە شەشەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە دەستپێدەکات.
ئەگەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگەدا بڕیارێک لەبارەی تاوانبارانی دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەر دەرنەکرێت، ئەوا لە 30ی ئەیلوولی 2022 دا واتە دوای سێ مانگی دیکە بەهۆی تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکەی دادەخرێت.
تاوەکو ئێستا 28 دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەر بەڕێوەچووە، بەڵام تۆمەتباران نەدراونەتە دادگە و سزا نەدراون.
تاکە هۆکاری راگرتنی دۆسیەکە ئەوەیە، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیراوە کە لە دۆسیەی کوژرانی موسا عەنتەردا دادگایی دەکرێت و ماوەی چەند ساڵێکە لە سوێد نیشتەجێیە.
فیلیز کەرەسەتەجیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئەنقەرە، رۆژی چوارشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2021 لە نووسراوێکدا، کە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیای کرد داوایکرد عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی ئەوکاتەی تورکیا وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە و روونی بکاتەوە بۆچی لە 2018 بەشێوەیەکی نووسراو، گوتەی عەبدولقادر ئایگان وەرنەگیرا.
عەبدولقادر ئایگان لە ساڵانی 1975-1985دا ئەندامی پەکەکە بوو. دوای جیابوونەوەی لە پەکەکە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بووە ئەندامی رێکخراوی “هێزەکانی جەندەرمە و هەواڵگریی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” ناسراو بە ژیتەم، کە رێکخراوێکی نهێنی دەوڵەت بوو، بەڵام دواتر وەک شایەتحاڵ لەبارەی تاوانە بکەرنادیارەکان کە لە هەشتاكان و نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا لە باکووری کوردستاندا لەلایەن ژیتەم ئەنجامدران، کۆمەڵێك زانیاری ئاشکرا کرد.
موسا عەنتەر ناسراو بە ئاپێ مووسا، لە ساڵی 1920 لە گوندی “ستیلیلێ” سەر بە شارۆچکەی “نوسێبین” لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبوو، لە 20ی ئەیلوولی 1992 لە گەڕەکی سەیرانتەپەی ئامەد لە هێرشێکی چەکداریدا تیرۆرکرا. ئۆرهان میرئۆغڵو، نووسەر و رۆژنامەڤانی کورد کە لە خولی 25ی پەرلەمانی تورکیادا لەسەر لیستی ئاکپارتی پەرلەمانتاری مێردین بوو لەو کاتەدا لەگەڵ موسا عەنتەردا بوو و لە رووداوەکەدا برینداربوو.
ووشەی خوێندراوە (284 ) – zozk