هاوپەیمانەکەی ماکرۆن زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستدا

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و هاوپەیمانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا.

بە گوێرەی ئەنجامە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، هاوپەیمانیی “پێکەوە”ی ئیمانوێل ماکرۆن رێژەی 38.6٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بەو جۆرەش 245 کورسی لە 577 کورسییەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بردووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە 289 کورسی پێویستن بۆئەوەی ئەو هاوپەیمانییە بە تەنیا بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و ماکرۆنیش بتوانێت پلانەکەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری نێوخۆی وڵات جێبەجێبکات.

ئەنجامە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەوەش دەردەخات کە هاوپەیمانیی “نوپێس”ی چەپڕەوی وڵات کە لە 10 پارت و بزووتنەوە پێکدێن و ژان میلانشۆ سەرۆکایەتی دەکات 31.6٪ی دەنگەکان و 131 کورسی پەرلەمانی بردووەتەوە.

هاوکات پارتی “بەرەی نیشتمانی” پۆپۆلیستی و دژە کۆچبەری ماری لوپێن 17.3٪ی دەنگەکان و 89 کورسیی پەرلەمانی بردووەتەوە.

ئەنجامە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دەریدەخات کە پارتی “کۆمارییەکان”ی وڵاتیش 7٪ی دەنگەکان و 61 کورسیی پەرلەمانی وڵاتی بردووەتەوە و پارت و هاوپەیمانەکانی دیکەش 51 کورسییەکەی دیکەیان بەدەستهێناوە.

ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە واتای ئەوەیە، دەبێت ئیمانوێل ماکرۆن هەوڵبدات لە پارتەکانی دیکە نزیکبێتەوە و هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدات. بەهێزترین سیناریۆش ئەوەیە هاوپەیمانییەکەی ماکرۆن لەگەڵ “کۆمارییەکان” حکومەت پێکبهێنن، بەڵام کریستیان جاکۆبی سەرۆکی پارتەکە رایگەیاندووە، ئەو هاوبەشییە بەئاسانی دروستنابێت.

پێکهێنانی حکومەت هەر جۆرێک بێت، سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا لە لایەن ماکرۆنەوە دەبێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دروستنابێت.

ووشەی خوێندراوە (203) – zozk

پەیوەندیدار