سەرۆک کۆماری تونس رایگەیاند، لە دەستوری نوێی تونسدا کە 25ی تەمموزی ئەمساڵ دەخرێتە بەردەم گەل بۆ راپرسی، برگەی “ئیسلام ئاینی فەرمی دەوڵەتە” لابراوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو حزب و رێکخراوانە ناودەبرێت کە پاشخانی ئیسلامییان هەیە.
قەیس سەعید، سەرۆکی تونس ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا باسی لەوەشكردوە، لە دەستور نوێدا كە 25ی تەمموزی ئەمساڵ دەخرێتە راپرسییەوە، چیتر ئیسلام نابێتە ئایینی دەوڵەت، ئامانجیشی لە دەستوری نوێ ئەوەیە دەبێت سەروەری بۆ خەڵک بێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دەستوری نوێدا جەخت دەکاتەوە کە گەلی تونس زۆرینەی مسوڵمانە و ئایینەکەی ئیسلامە، بەڵام باسی دەوڵەتێك ناكەن كە ئایینەكەی ئیسلام بێت، چونکە گەل جیاوازە لە وڵاتی تونس.
لای خۆیەوە سادق بلعید، رێکخەری دەستەی نیشتیمانی تونس بۆ نوسینەوەی دەستوری نوێ بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی راگەیاندوە، 80%ی هاوڵاتیانی تونس دژی ئەوەن ئایین بۆ مەبەستی توندوتیژی و بۆ ئامانجی سیاسی بەکاربهێنرێت، ئەوانیش ئەوەیان کردوە کە گەلی تونس داوای دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە لە رەشنوسی دەستوری نوێدا برگەی “ئیسلام ئاینی فەرمی دەوڵەتە” لابراوە، بەڵام دەشکرێت ئەو برگەیە وەک خۆی بمێنێتەوە کە لە دەستوری پێشودا هەبوە.
مانگی تەمموزی ساڵی رابردو دوای خۆپیشاندانەکانی تونس، قەیس سەعید، سەرۆکی ئەو وڵاتە حکومەتی هەڵوەشاندەوە و پەرلەمانی وڵاتەکەشی سڕکرد و پارێزبەندی لەسەر هەمو پەرلەمانتاران هەڵگرت، ئەو بڕیارانەش بەشێک لە خەڵکی دڵخۆش کرد.
ووشەی خوێندراوە ( 195) – zozk