بیلاڕوسیا بەڵگەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی پەنابەران دەداتە عێراق

لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلاروسیا رایدەگەیەنێت، ئەو بەڵگە و زانیارییە نهێنیانەیان داوەتە عێراق کە دەیسەلمێنن، سەربازانی پۆڵەندا لەسەر سنور کوشتن و لەسێدارەدانی کۆچبەرانی ئەو وڵاتەیان بەشێوەی نهێنی و بەکۆمەڵ ئەنجامداوە.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلاروسیا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە،” لەبنکەی فیدڕاڵی لیژنەکەمان لەگەڵ وەفدێکی عێراقی کۆبوینەوە کە تێیدا فەرمانبەرانی لێکۆڵینەوەی سەرەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەر بە وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی ئاسایشی سنورە نێودەوڵەتییەکان و بنکەی مافەکانی مرۆڤ ئامادەی بون، تێیدا هەمو ئەو بەڵگە و زانیاریانەمان بە عێراق دا کە دەیسەلمێنن سەربازە پۆڵەندیەکان لە ناوچە سنوریەکان لەگەڵ بیلاروسیا بەشێوەیەکی نهێنی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵیان بەسەر ئەو کۆچبەرە عێراقیانەدا سەپاندوە کە ویستویانە لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا وهەر بە نهێنیش لەسێدارەیان داون”.
ئاماژەی بەوەشکردوە،” لە کۆبونەوەکەدا لایەنی عێراقی زانیاری پێویستی لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو پرسە تاوانکارییە تایبەتە دەستکەوت، کە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و بانگەشەی جەنگە و خستنە بەر مەترسی بەئەنقەستە، ئەم کارە کارێکی نایاساییە و خۆی لە هەرسێ بابەتی( دیپۆرتکردنەوە و ئەشکەنجە و نەبونی بەزەیی مرۆڤانە)دەبینێتەوە، کەمتەرخەمییەکی بە ئەنقەستی پێشکەشکردنی هاوکارییە بە کۆچبەران کە لە ئەنجامدا مردنی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێویشیاندا عێراق و ئەفغانستانی لێکەوتوەتەوە”.
ئاشکراشیکردوە،”ئەم تاوانە لەسەر بنەمای رەگەز و بنەچە و نەتەوەیی لەسەر سنوری پۆڵەندا لە دژی ئەو کەسانەی ویستویانە بە دەوڵەتە ئەوروپیەکانی دیکە بگەن ئەنجامدراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا لێکۆڵەرە بیلاروسییەکان، تاوانێکیان دژی 135 هاوڵاتی عێراقی ئاشکراکرد کە لەسەر سنوری بیلاروسیا پۆڵەندا لەلایەن سەربازانی پۆڵەندیەوە لە دژیان ئەنجامدراوە، کە بوەتە هۆی برینداربون و ئازاری زۆر.
هاوکات لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە، سێ لە کەیسەکان پەیوەندیدارە بە ئازاری جەستە و ناردنەوەی بە زۆربۆ بیلاروسیا کە بوەتە هۆی مردنی ئەو هاوڵاتییە عێراقیانە.

ووشەی خوێندراوە (241) – zozk

پەیوەندیدار