وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ھەرێم رایدەگەیەنێت، بەھۆی بەڕێوەچونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کە ماوەی دوو ھەفتە دەخایەنێت، رۆژانە, دوو شەممە و پێنج شەممان، بۆ ماوەی چوار سەعات ئینتەرنێت رادەگیرێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە نووسراوێکدا بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت رایگەیاندووە، بەبۆنەی تاقیکردنەوەکانی ١٢ی ئامادەیی لە رۆژانی تاقیکردنەوە گشتیەکانی قۆناغی ئامادەیی بەپێی خشتەی دیاریکراو، بڕینی کاتی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت جێبەجێ دەکرێت لە سەعات ٦.٣٠ خولەک تاوەکو١٠.٣٠ خولەکی بەیانی.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بڕیارە لە پێناو نەھێشتنی دیاردەی گزی (غش)ی خوێندکارانە کە پاڵپشتی سەرەکیان بەکارھێنانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە.
دەشڵێت، راگرتنی کاتی ھێڵەکانی ئینتەرنێت خزمەتێکی گەورەی کۆمەڵگە و پاراستنی مافی گشتی خوێندکاران و ھەستکردنێکی گەورەی بەرپرسیارێتیە بەرامبەر بە حکومەتی ھەرێم.