دوای 50 ساڵ دادگای باڵای ئەمریکا یاسایەکی تایبەت بە مافی لەباربردنی کۆرپەلەی لەلایەن ژنانەوە رەتکردەوە و بڕیارەکەش کاردانەوەی حکومەت و بەشێک لە هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.
دادگای باڵای ئەمریکا لەباربردنی منداڵی بەشێوەیەکی یەکجاری ڕاگرت و مافی بڕیاردانی دایە ویلایەتەکانی وڵاتەکەی.
بڕیارهكهی دادگای باڵای ئهمریكا لەلایەن زۆربەی دادوەرە پارێزگارەکانی دادگای باڵاوە پهسهندكراوه و ڕەشنوسی پێشوەختەی بڕیارەکە دزەیکردوه، بههۆیهوه ناڕەزایەتی چالاکوانانی مافی لەباربردنی کۆرپەلەی لە سەرانسەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.
هەرچەندە بڕیارەکەی دادگای باڵا لەباربردنی منداڵ قەدەغە ناکات، بەڵام کاریگەرییە یاساییەکانی لە زۆر ویلایەتدا وادەکات قەدەغەبکرێت.
دادگای باڵا تەنیا نۆ دادوەری هەیە و هەرکاتێک پێنج دادوەر بڕیارێک بدەن ئەوە جێبەجێ دەکرێت.
دوای دەرچوونی بڕیارەكەش لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریكا خۆپێشاندان ئەنجامدرا.
خۆپێشاندەران پێیانوایە، جەستەی خۆیانە و ئازادن چی لێدەکەن و نابێت مافی لەباربردنی منداڵیان لێ بسەندرێتەوە، بە تایبەتی لەوانەی کە بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە دووگیان دەبن.
بە گوێرەی دوایین ئاماری حکومەتی ئەمریکا کە ساڵی 2019 بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لەو ساڵەدا نزیکەی 630 هەزار منداڵ لەباربردراون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئەمە “رۆژێکی خەمگینە” بۆ ئەمریکا و ئۆباڵی ئەمە دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، “ئەوە ئەو سێ دادوەرە بوون کە لەلایەن یەک سەرۆکەوە کە دۆناڵد ترەمپە، دامەزرێندرابوون، کە ئەوان کرۆکی بڕیارەکە بوون بۆ ئەوەی تەرازووی دادوەری لاسەنگ بکەن و مافێکی بنچینەیی ژنان لەم وڵاتەدا نەهێڵن. بە هەڵەدا مەڕۆن، ئەم بڕیارە ئەنجامی کەڵەکەبوونی هەوڵی بەمەبەستی چەندین دەیەیە بۆ تێکدانی هاوسەنگیی یاساکەمان. ئەمە بریتییە لە جێبەجێکردنی بیرکردنەوەیەکی تووندڕۆ و هەڵەیەکی کارەساتباری دادگەی باڵا.”
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 1973 دادگای باڵا بڕیاری ئەوەیداوە کە لەباربردنی منداڵ قەدەغە نییە.
ووشەی خوێندراوە ( 240) – zozk