نەخۆشی داون (مەنگۆلی ) چییە؟

هه‌ندێك زانیاری گشتی:

* بلاوترین نەخۆشی کرۆمۆسۆمیە، کێشەکە لە ژمارەی کرۆمۆسۆمەکاندایە، کرۆمۆسۆمی ژمارە ٢١ لەبری دووبەش سێ بەشە بۆیە بەگشتی لەبری ٤٦؛ ئەمان ٤٧ کرۆمۆسۆمیان هەیە.

* لەدایکبوونی ئەم منداڵانە دایک و باوک توشی شۆک دەکات، زۆر تووڕە دەبن، هەست بە تاوانباری دەکەن .

* رێژە: ١ لە ٨٠٠ منداڵ .

* کوڕی توشبوو بە دەگمەن دەتوانێ وەچە بخاتەوە! کچی توش بوو ئەگەری وەچە خستنەوەی ٣٠٪

* تیکرایی تەمەن جیاوازە، زۆریان پێش ١ ساڵی دەمرن (لەبەر کێشەی دڵ)، هەندێکیان زیاتر، کەمێکیان دەگەنە ٥٠ ساڵی تەمەن.

* ئەگەرچی توانای فێربوونیان سنوردارە، هەندێکیان توانای بەدەستهێنانی بڕوانامەیان هەیە.

* کۆمەڵایەتین، حەزیان زۆر لە گۆرانییە.

نیشانەکانی چین؟

  تێکچوونی سەر و دەموچاو :

* دەموچاوی خڕ، تەختیی ناوەندی لوت

* گۆشەی چاویان بەرەو سەرەوەیە

* لۆچی سەر پێڵووەکان

* نوکتەی سپی لە رەشینەی چاودا

* دەمی بچووک و زمانی دەرپەریو

* گوێی بچوک

* پشتەسەریان تەختە

* تێکچوونی شوێنی دیكه‌ی لەش:

* ملی کورت

* خەتی لەپی دەستیان تاکە (یەک دانەیە)، پەنجەی بچووکی دەست کەوانەییە، بۆشایی لەنێوان پەنجەی  (١-٢) ی پێ

* لەشیان شلە (کە لەسەر دەست دابنرێت شۆر دەبنەوە = پێی ده‌گوترێ دیارده‌ی بووکی پەرۆیی)

* نەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ (٤٠٪) : تێکچونی بەینی سکۆلە-گوێچکەلە، کونی سکۆلە، کونی گوێچکەلە ..

* نەخۆشییە زگماکیەکانی كۆئەندامی هەرس (١٠٪): داخرانی دوانزەگرێ، نەخۆشی هیرشپرنگ (نەبوونی دەمارەخانە لە دیواری کۆلۆندا)، پەنکریاسی ئەلقەیی..

ئەو کێشانەی دێنه‌ رێیان:

* دواکەوتنی گەشەی جووڵەیی

* بیرکۆڵی (مامناوەند- توند)

* کورتە باڵایی

* ئەگەری توشبوونیان بە هەوکردنەکان زۆرە

* تێکچوونی بیستن (زوو زوو هەوکردنی گوی)

* تێکچوونی بینین (ئاوی سپی، خێلی)

* ئەگەری توشبوونیان زۆرە بە شێرپەنجەی خوێن، شێرپەنجەکانی دیكه‌

* بڕبڕەی ملیان ناجێگیرە (بربرەی ١ -٢)

* ئەگەری توشبوونیان هەیە بەنەخۆشی هەسته‌وه‌ری به‌ گەنم (نەخۆشی سیلیاک)، کەمبوونی هۆرمۆنی سایرۆید (رژینی پەریزادە)

* توشبوون بە گەشکە

* توشبوون بە نەخۆشی بیرچونەوە (ئەلزایمەر) لە سەروو ٣٥ ساڵییەوە

مۆزایک (نیوە داون) :

* نیوەی خانەکانیان (٤٦) کرۆمۆسۆم و نیوەکەی دیكه‌ (٤٧) کرۆمۆسۆم … شێوەی دەموچاویان، ئاستی زیرەکییان، کێشەکانیان کەمتر پێوە دیارە وەک لە داون.

 هۆکار؟

* زۆری تەمەنی دایک تاکە هۆکاری زانستییە تاکو ئێستا، تەمەنی دایک و ریژەی توش بوون بەم شێوەیەیە :

دایکی ٢٠ سال — ١ لە ١٥٠٠

دایکی ٣٠ سال — ١ لە ٩٠٠

دایکی ٣٥ سال — ١ لە ٣٨٥

دایکی ٤٠ سال — ١ لە ١١٠

دایکی ٤٥ سال — ١ لە ٣٠ !!

چۆن پێش لەدایکبوون دیاری دەکرێت ؟

* سۆنار (٣ مانگی ناوەراست= ١٣-٢٤هەفتە): کۆمەڵێ نیشانە هەیە وەکو زیادبوونی ئەستووری مل (ناوچەیەکی روون لە پشتەملدا)، گەورەبوونی بۆشاییەکانی سەر، نەبوونی ئیسکی لووت .. ریژەی وردی ٨١٪

* پشکنینی ئاوی دەوری منداڵ، وەرگرتنی پارچە لە وێڵاش (٣ مانگی ناوەراست= ١٣-٢٤هەفتە): دابەزینی ریژەی AFP و چەند پشکنینیکی دیكه‌ (ئیستریۆل، HCG)، ریژەی وردی ٨٧٪)

چۆن دوای لەدایکبوون دیاریدەکرێت؟

ئەگەرچی نیشانەکان دیارن، بەڵام دەتوانرێت پشکنینی کرۆمۆسۆمی بۆ بکرێت (کاریۆتایپ) بۆ دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە هەروەها دیاریکردنی هۆی گۆڕانکارییەکە (بۆ ئەوەی بزانرێ ئەگەری دوبارەبوونەوەی هەیە لە سکی داهاتودا یان نا !)

چۆن رێی لێدەگیرێت؟

* لەباربردن: ئەگەر زوو لەسکی دایکدا دیاریکرا. بابەتێكی ئاڵۆزە و پێویستە لیژنەیەکی تایبەت بڕیار بدات لەبارەیەوە، بۆ وڵاتی ئێمە زۆر جیاوازە لەبەر لایەنی ئایینی، کۆمەڵایەتی (گفتوگۆی زۆر هەلدەگرێت!)

* رێژەی لەباربردن لە وڵاتە ئەوروپیەکاندا ٩٢٪، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٦٧٪

چارەسەر؟

تاكو ئێستا چارەسەری بنەبڕکەر نییە بۆ ئەم نەخۆشییە. تەنیا ئەوەندە هەیە ده‌توانرێ راهێنانیان پێبکرێت لە سەنتەری تایبەت بەم نەخۆشییە. هەروەها چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی دێنە رێیان.

د. شادمان حەمەئەمین

ووشەی خوێندراوە ( 538) – zozk

پەیوەندیدار