تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆریی: سەوزەی سلێمانی پاكە و كۆلێرای پێوە نییە

تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆریی عەلوەكانی سلێمانی ئاشكرای كرد، پشكنینیان بۆ نمونەی سەوزە لە عەلوەی سلێمانی كردووە و بەكتریای كۆلێرا لەسەر سەوزەكان نەبووە و هیچ نیشانەیەكی كۆلێرایان نەبووە.
تاقیگەكە ئاماژەی بەوەداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەستان بە وەرگرتنی نمونەی سەوزە لە عەلوەی سلێمانی، لەو سەوزانەی بە شۆراوەیی و پاكێجكراوی دەفرۆشرێن و ئەوانەشی بە نەشۆراوەیی دەفرۆشرێن.
ئەوەش هاتووە، دوای پشكنینەكان دەركەوت بەكتریای كۆلێرا لەسەر سەوزەكان گەشەی نەكردووە و هیچ نیشانەیەكی كۆلێرایان لەسەر نیە.
تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆریی عەلوەكانی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، بۆ دڵنیایی زیاتر نمونەكانیان بردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و لەرێی ئامێری vitekەوە پشكنینیان بۆ كرد و پشتڕاستی پشكنینەكانیان كردنەوە كە خۆشبەختانە هیچ گەشەیەكی بەكتریای كۆلێرا لەسەر سەوزەكان نییە.

پەیوەندیدار