دانە گاز لەبارەی هێرشەكانی سەر كۆرمۆر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

کۆمپانیای دانەگاز ڕایدەگەیەنێت،” هێرشە مووشەکییەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هیچ زیانێکیان نەبووە و هیچ کەسیش لەو هێرشانەدا بریندار نەبووە”.

کۆمپانیای دانەگاز کە کاری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات رۆژی 27-6-2022 ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و  تێیدا هاتووە: ” دوای رووداوەکەی رۆژی 22ی حوزەیران، دوو مووشەکی دیکە لە رۆژانی هەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتنەخوارەوە”.

ئاماژە بەوەشدراوە، “لەو هێرشانەدا کەس بریندار نەبوو، هەروەها هێرشەکان هیچ زیانێکیشیان نەبوو. چالاکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە باری ئەمنی تووندوتۆڵتر دەکرێت”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “کۆمپانیاکە لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق پاڵپشتیی بەهێزیی خۆیان دەربڕیووە. وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەم هێرشانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش هێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان”.

جێگەی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ماوەی تەنها 72 كاتژمێردا سێجار بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ.

ووشەی خوێندراوە ( 182 ) bestun

پەیوەندیدار