دوای روداوی ته‌قه‌كردن له راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ته‌رمی د. ئیدریس حه‌مه‌خان مامۆستای كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی سه‌لاحه‌دین به‌كوژراوی دۆزرایه‌وه و به‌پێی زانیاریه‌كانیش، تۆمه‌تباری هه‌ردو روداوه‌كه یه‌ك كه‌سه و له‌ئێستادا هێزه ئه‌منیه‌كان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.
بەپێی زانیاری سەرچاوەیەك، ئه‌مڕۆ تۆمه‌تبارێك هێرشیكردوه‌ته‌سه‌ر كۆلێژی یاسا له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و كارمه‌ندی پرسگه‌كه‌ی برینداركردوه، پاشانیش چوه‌ته ناو نوسینگه‌ی د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژه‌كه و 5 (پێنج) گوللـه‌ی لێیداوه و دواتریش به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتوه.
باس له‌وه‌شكراوه، ئه‌و تۆمه‌تباره كه خوێندكاری به‌شی یاسا بوه له زانكۆی سۆران، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌كی ئافره‌ت هه‌بوه و پاشانیش له‌و زانكۆیه ده‌ركراوه و پێڕاگه‌یه‌ندراوه خۆی بگوازێته‌وه بۆ زانكۆیه‌كی دیكه، ئه‌و خوێندكاره‌ش هه‌وڵیداوه خۆی بۆ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بگوازێته‌وه، د. كاوان ئیسماعیلیش به‌هۆی ره‌چاوكردنی یاسا و رێنماییه به‌ركاره‌كان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌رنه‌بڕیوه، به‌وهۆیه‌شه‌وه خوێندكاره‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی له د. كاوان كردوه و ئه‌ویش سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركردوه، پاش ده‌ستگیركردنیشی، خوێندكاره‌كه به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراوه و بڕیاربوه ئه‌مڕۆ دانیشتنی دادگا له‌وباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌بچێت.
سه‌رچاوه‌كه رونیشیكرده‌وه، خوێندكاره‌كه دوای ته‌قه‌كردن له راگری كۆلێژی یاسا، چوه‌ته‌سه‌ر ماڵی ئه‌و مامۆستا ئافره‌ته‌ی زانكۆی سۆران كه پێشتر كێشه‌ی له‌گه‌ڵیدا هه‌بوه، به‌ڵام مامۆستاكه له‌ماڵ نه‌بوه و ته‌نها هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ماڵ بوه كه ئه‌ویش مامۆستایه له كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و ناوی د. ئیدریس حه‌مه‌خانه، تۆمه‌تباره‌كه د. ئیدریسی به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رفاندوه.
هه‌ر به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، پاش ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه و گه‌ڕانی هێزه ئه‌منیه‌كان، ته‌رمی د. ئیدریس حه‌مه‌خان به‌كوژراوی دۆزراوه‌ته‌وه كه ئاسه‌واری گوللـه به‌جه‌سته‌یه‌وه هه‌یه و له‌ئێستاشدا ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی هه‌ولێر كراوه.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشیكرد، له‌ئێستادا هێزه ئه‌منیه‌كانی هه‌ولێر گه‌ڕان و به‌دواداچونیان ده‌ستپێكردوه و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ روداوه‌كه كردوه‌ته‌وه، تا ئێستاش تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ئه‌و روداوانه ده‌ستگیرنه‌كراوه.
ووشەی خوێندراوە (245) – zozk