دانوستاندنەکانی بەرشەلۆنە و دیمبلی هەرەسیان هێناوە و چێڵسیش چاودێرییەکی وردی دۆخەکە دەکات.
ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، یانەی چێڵسی ئینگلیزی زانیاری تەواوی لەسەر دوایین دانوستاندنی نێوان عوسمان دیمبلی فەڕەنسی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانیدا هەیە.
لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی نێوان موسا سیسۆکۆی بەڕێوەبەری کارەکانی دیمبلی و ماسیۆ ئەلیمانی بەڕێوەبەری وەرزشی بەرشەلۆنە لە دووشەممەی ڕابردوودا نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک و سیسۆکۆ ئۆفەرەکەی بەرشەلۆنەی ڕەتکردووەتەوە، لەبەرئەوەی لەگەڵ مەرجەکانی دیمبلی نەگونجاوە بۆ مانەوەی لە کامپ نۆدا.
میرەر ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێکنەکەوتنی دیمبلی و بەرشەلۆنە لە سودی چێڵسیدایە، کە پێشتریش یانە ئینگلیزیەکە بڕوای وابووە هەر بە کۆتایی هاتنی ئەو کۆبوونەوەیە، کارەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا دەشکێنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سیسۆکۆ بە ئەلیمانی وتووە، گەر بەرشەلۆنە لەسەر ئەو ئۆفەرە بەردەوامبێت، ئەوا دیمبلی بەردەوامنابێت لە یانەکەدا، چێڵسیش پێیوایە لە توانایدا هەیە ئۆفەرێک پێشکەشی هێرشبەرە فەڕەنسیەکە بکات و سەرنجی ڕابکێشێت بۆ پۆشینی درێسی یانەکەی بە گرێبەستێکی خۆڕایی، کە تەنیا دوو ڕۆژ ماوە گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە کۆتایی بێت.