نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نوێدا دەڵێت، لە 18 مانگی رابردوودا زیاتر لە 100 کەس لە کامپی هۆل کوژراون، داواش لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییەکانیان لەو کامپە بگەڕێننەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر چەندین جار بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەبارەی دۆخی مەترسیداری ئەو کامپەی شاری حەسەکە هۆشداری بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو و، داوای لێکردبوون هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە و بارگرانی سەر هەسەدە سووک بکەن.
عمران ریزا، هاوئاهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە 106 کەس لەنێو کامپی هۆڵدا کوژراون و تاوەکو دێت کەمپەکە مەترسیدارتر دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە منداڵانی نێو کەمپەکە گیرۆدەی ژیانێکی بێ داهاتوو بوون.
کامپی هۆل لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرێت و بڕیاربوو کامپێکی کاتی بێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی وڵاتان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان، کامپەکە بووەتە بارگرانییەکی درێژخایەن بەسەر شانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە.
ئێستا نزیکەی 56 هەزار کەس لە کامپەکەدان؛ زۆربەیان سووری و عێراقین، کە هەموویان کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعشن.
عمران ریزا کە چەند جارێک سەردانی رۆژئاوای کوردستان و سووریای کردووە، رۆژی سێشەممە لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت، نزیکەی 94٪ـی خەڵکی نێو کامپی هۆل ژن و منداڵن.
هەروەها گوتیشی: “ئەوە شوێنێکی زۆر ناخۆشە و تا دێت ناسەلامەتتر دەبێت” و ئاماژەی بەوەش کرد کە “لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە 106 کەس لە نێو کەمپەکەدا کوژراون” کە “ژمارەیەکی زۆریان” ژن بوون.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریش دەدات کە “تووندوتیژییەکی زۆر لەسەر بنەمای رەگەز هەیە.”
عمران ریزا دەڵێت، 27 هەزار هاووڵاتی عێراقی، 18 هەزار تاوەکو 19 هەزار سووری و 12 هەزار هاووڵاتیی وڵاتانی دیکە لەنێو کەمپی هۆل هەن.
عمران ریزا باس لەوەش دەکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو وڵاتان هاندەدات دەست بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان بکەن و “پێویستیشە رازی بن هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.”
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دۆخی مرۆیی سووریا بە گشتی بەرەو خراپتربوون دەڕوات و گوتی: “14 ملیۆن و 600 هەزار کەس پێویستیان بە یارمەتیی مرۆییە، واتە لە ساڵی 2021ـەوە ژمارەیان ملیۆنێک و 200 هەزار کەس زیاتر بووە. ئەوە بەرزترین ژمارەیە لە سەرەتای ململانێکەوە تۆمارکرابێت.