چوارچێوه‌ی هەماهەنگی : ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێكەوتن هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەدەین

سەرکردەیەکی چوارچێوه‌ی هەماهەنگی رایگه‌یاند، ئەگەر کوتلە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق نەیەنە پێشەوە و لەسەر هەڵوێستەکانی خۆیان سوور بن، پەنا دەبرێتە بەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران.

مەحموود حەییانی سەرکردەی له‌ چوارچێوەی هەماهەنگی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، “ئەگەر هەندێک لە کوتلە سیاسییەکان لەسەر هەڵوێستەکانی خۆیان سوور بن و ڕێگە لە تەواوبوونی نیسانی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بگرن، ئەوە چوارچێوەی هەماهەنگی ناچار دەکەن پەنا بۆ بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوینەران بەرێت”.

وتیشی، “چوارچێوەی هەماهەنگی پێیباشە هەموو لایەنەکان لەڕێگای دیالۆگێکی نیشتیمانییەوە بەشداریی حکومەتی داهاتوو بکەن، بەڵام ئەگەر بێت و لەدانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ تەواوکردنی نیسابی یاسایی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادە نەبن بۆئەوەی دواتر کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێرێت، ئەوە هاوپەیمانێتییەکەیان پەنا بۆ بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان دەبات”.

لەماوەی رابردوودا لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی لەڕێگای سێیەکی پەکخەرەوە ڕێگەیان لە تەواوکردنی نیسابی یاسایی و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەگرت، بەڵام لەدوای کشانەوەی پەڕلەمانتارەکانی رەوتی سەدر، ئێستا پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەکان هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجینەکرێت، پەنا دەبەنە بەر درووستکردنی سێیەکی پەکخەر لەناو پەرلەماندا بۆئەوەی نەتوانرێت بێ ویستی ئەوان سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت هەڵببژێردرێت.

پەیوەندیدار