ئێران؛ بومەلەرزەیەكی بەهێز گیانلەدەستدانی پێنج كەسی لێكەوتەوە

ئاژانسی فەرمیی ئێران دەڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە لە باشووری ئەو وڵاتە لانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 49 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 2ـی تەممووزی 2022، ئاژانسی تایبەت بە بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی رێختەر بە دووری 100 کیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای شاری بەندەر عەباسی لە پارێزگای هۆرمۆزگان هەژاندووە.

گوتیشی کە بوومەلەرزەکە بۆ ماوەی خوولەکێک بەردەوام بووە. هاوکات، ئاژانسی فەرمیی ئێرانیش-ئیرنا رایگەیاند، سێ بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 6.1 و 6.3 پارێزگاکەیان هەژاندووە.

دوای بوومەلەرزەکە، مەهدی دۆستی، پارێزگاری هۆرمۆزگان بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند کە لانیکەم پێنج کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 49 کەسی دیکەش برینداربوون.

مەهدی گوتیشی کە پشکی شێری زیانەکە بەر گوندی سایە خۆست کەوتووە کە نزیکبووە لە چەقی بوومەلەرزەکە.

ئەمە جاری یەکەم نییە بوومەلەرزەی لەمشێوەیە لەو پارێزگایە روودەدات؛ لە ماوەی تشترینی دووەمی پارساڵ، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر و 6.3 پلەی رێختەر پارێزگای هۆرمۆزگانیان هەژاند. لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا.

بەوپێیەی ئێران کەوتووەتە سەر هێڵێکی چالاکیی بوومەرزە، زوو زوو بوومەلەرزە بە گوڕی جیا جیا تێیدا روودەدەن؛ خوێناویترین بوومەلەرزەش لە ساڵی 1990 دا بە پلەی 7.4 پلەی رێختەر باکووری وڵاتەکەی هەژاند و 40 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی 2003شدا بوولەرزەیەک بە گوڕی 6.6 پلەی رێختەر پارێزگای کرمان-ی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران هەژاند و بەهۆیەوە لانیکەم 31 هەزار کەس گیانی لەدەستدا.

ووشەی خوێندراوە (207) – zozk

پەیوەندیدار