زانكۆی سۆران: له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی دوو مامۆستاكه‌دا، كەسانێك تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە

سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران رایگه‌یاند، ڕوداوی شەهیدکردنی هەردو مامۆستا پ. د. کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی یاسا و پ. ی. د. ئیدریس حەمە خان، مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر کۆدەنگییەکی نیشتیمانی سەبارەت بە مەزڵومیی خوالێخۆشبوان دروستکردوە، به‌ڵام “کەسانێک لە دەرەوەی ئەم هێڵە گشتییەوەن و بە هەر هۆکارێک بێت، کە بە زۆری لە بەر نەزانییە، هێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن”.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “ڕوداوی شەهیدکردنی هەردو مامۆستا پ. د. کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی یاسا و پ. ی. د. ئیدریس حەمە خان، مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر کۆدەنگییەکی نیشتیمانی سەبارەت بە مەزڵومیی خوالێخۆشبوان دروستکردوە، هەموان هاوسۆزییان بۆ کەسوکاری قوربانیان هەیە، هەموانیش داوای سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری دەکەن، بەڵام بە داخەوە، کەسانێک لە دەرەوەی ئەم هێڵە گشتییەوەن، بە هەر هۆکارێک بێت، کە بە زۆری لە بەر نەزانییە، هێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن، زانکۆکانی سۆران و سەلاحەدین-هەولێر تۆمەتبار دەکەن”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “کەسانێک هەن کێشەکە بە د. نیشتیمان عوسمان، مامۆستای زانکۆی سۆرانەوە گرێ دەدەنەوە، ئەوان بە بێ ئەوەی وردەکارییەکانی کەیسەکە بزانن، لە هیچ و خۆڕا و لە سەر بنەمای مەزەندە و خەملاندنی نادروستی خۆیان حوکمی هەڵە دەدەن کە پێویستە بوەستێندرێن”.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران باسی له‌وه‌شكرد، “پشتیوانیی تەواو لەو مامۆستایەی خۆمان دەکەین و لە پێناو بەدەستهێنانەوەی مافەکانیدا درێغی لە پێشکەشکردنی هیچ جۆرە یارمەتییەک ناکەین، زانکۆی سۆران هاوسۆزی و پاڵپشتیی تەواوی خۆی نیشان دەدات و داواش لە هەمو لایەک دەکات بە هەمان ئاڕاستە کار بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە خەمبارین بەوەی لەم دۆخە سەخت و ناڕەحەتییەدا کەسانێک دور لە بنەما ئایینی و ئەخلاقییەکان تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە و بێ ئەوەی لە وردەکارییەکانی بابەتەکە ئاگادار بن قسەی بێ بنەما دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پانتاییەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکار دەبەن”.
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، “داوا ده‌كه‌ین بەرلەوەی ناچاربین ڕێگەی یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگرینە بەر، واز لە بوختانی بێ بنەما و هەڵسەنگاندنی نادروستیان بهێنن و وەک هەمووان چاوەڕێی بڕیاری دادگا بکەن، بەیاننامەی دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکە، نیشاندانی دەربڕینی پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ مافخوراوان و ستەملێکراوانی دۆسیەکە، بە هەمانشێوەش سەبورییە بۆ ئێمە و کەسوکاری قوربانیان. لە هەموو ئەو بەیاننامانەشدا، جەخت لە سەر سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری کراوەتەوە”.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، “جارێکی دیکە هەمو پاڵپشتی و هاوسۆزییەکی خۆمان بۆ مامۆستای زانکۆمان، د. نیشتیمان عوسمان، دوبارە دەکەینەوە، ئێمە لە زانکۆی سۆران تەواو دڵنیاین لەوەی کە هەمو هەنگاوەکانی بەڕێزیان لەم دۆسیەیەدا بە ئاڕاستەی سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەریدا بون، چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین تا ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێنێتەوە و بە بڕیارێکی دادپەروەرانە سەبوریی بە کەسوکاری قوربانیان ببەخشێت و وانەیەک فێری کۆمەڵگا بکات کە تاوان ناشاردرێتەوە و تاوانبارانیش ڕێی دەرچوونیان لە یاسا بۆ نابێت. هەروەها داواکارین هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکەن و بە قسەی نابەرپرسیارانە دۆخی دەروونیی کەسوکاری قوربانیان شڵەژاوتر نەکەن”.
28ی (حوزه‌یران/6)ی ئه‌مساڵ دو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر له‌لایه‌ن خوێندكارێكه‌وه‌ کوژران، سه‌ره‌تا خوێندكاره‌كه‌ بەهۆی ئەوەی لە زانکۆکەی خۆی فەسڵ کراوە و لە زانکۆی سەڵاحەدینیش وەرنەگیراوە، چوەتە زانکۆی سەڵاحەدین و هێرشیکردوەتە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆکە و پاسەوانێک، هەردوکیان برینداربون و دواتر راگری کۆلێژی یاسا مردوه‌، دواتریش هێرشی کردوەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەدین و كوشتویه‌تی.

ووشەی خوێندراوە(483) – zozk

پەیوەندیدار