هەدەپە پێنجەم كۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت

بڕیارە سبەی یەکشەممە 3ـی تەممووزی 2022، پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە پێنجەم کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە ببەستێت.

ناوەندی راگەیاندنی هەدەپە بڵاویکردەوە، کۆنگرەکە لەژێر دروشمی “ئێمە چارەسەرین” بە بەشداریکردنی 50 هەزار ئەندام و لایەنگری هەدەپە بەڕێوەدەچێت؛ هەزار و 50 کەس ئەندامی کۆنگرەن و لە ئەمڕۆوە میوانەکان، ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەون بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەکەدا.

هەریەک لە کۆنگرەی دیموکراتی گەلان – هەدەکە، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی – دەتەکە و پارتە هاوپەیمانەکانی هەدەپە، پارتەکانی جەهەپە، دێڤا، ئاییندە، سەعادەت، تەک پارتی، پارتی چەپ، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، نوێنەرانی هاوپەیمانیی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر نووسەر، رۆژنامەڤان، هونەرمەند و نوێنەری 400 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا و 100 نوێنەری پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون.

لە کۆنگرەکەدا چەندین ماددە و بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکرێنەوە، لەوانە هەمواری خۆبەربژێرکردنەوەی هەردوو هاوسەرۆک. تاوەکو ئێستا تەنیا یەک لە هاوسەرۆکان مافی خۆبەربژێرکردنەوەی هەیە، بەڵام ئەگەر هەموارەکە بکرێت و گۆڕانکارییەکە دەنگی ئەندامان بەدەستبهێنێت، لەمەودوا هەردوو هاوسەرۆک ئەو مافەیان دەبێت.

لە سەرەتای مانگی ئایاردا هەدەپە رێکخستنەکەی لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیادا بەسەر حەوت بازنەدا دابەشکرد و لیژنەی سەرەکیی بەڕێوەبردنی کاروباری کۆنگرەی بۆ ئەو ناوچانە دامەزراند؛ هەروەها لە رێگەی حەوت لیژنەی لاوەکییەوە کارەکان رۆژانە رایی دەکران؛ لیژنە لاوەکییەکان رۆژانە راپۆرتیان بۆ لیژنەی سەرەکی بەرز دەکردەوە و لیژنە سەرەکییەکەش راپۆرتی هەفتانەی خۆی ئامادە دەکرد و پێشکێشی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکرد.

لە کۆنگرەکەدا ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی حیزب (مەکتەبی سیاسی) و هاوسەرۆکان هەڵدەبژێرن. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی هەدەپە، لە هەر کۆنگرەیەکدا بەپێی پێوەرێکی دیاریکراو، 50٪ی ئەندامانی سەرکردایەتی دەگۆڕدرێن و کەسانی نوێ هەڵدەبژێردرێن.

رۆژی 30ی حوزەیرانی 2022، ئێبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، بۆچوونی گشتی بۆ ئەو ئاراستەیەیە میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان درێژە بە ئەرکی هاوسەرۆکی بدەن و گوتی، سەرکردایەتییەکی چوست و چالاک و کارا هەڵدەبژێردرێت بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان.

ووشەی خوێندراوە (285) – zozk

پەیوەندیدار