ئەمریكا : بەبڕی شەش ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکرانیای كردووە

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پەیامێكدا كە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، ڕایگەیاندووە كە پنتاگۆن لە چوارچێوەی نوێترین پاکێجی هاوکاریی چەک بۆ ئۆکرانیا دوو سیستەمی مووشەکی ئاسمانی ناسامس و چوار ڕاداری دژە تۆپی زیادە و تا 150 هەزار گولـلەی تەقەمەنی 155 ملم بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئانتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم هاوكارییانە بە بەهای نزیکەی (820) ملیۆن دۆلار دەبێت، بلینكن جەختی لەوە كردەوە كە ئۆکرانییەکان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندەیییەکانی ڕووسیا کە لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە بەهۆی هێرشێکەوە مۆڵێکی بازرگانی پڕ لە خەڵکی مەدەنیان کردە ئامانج ، كە لەم هێرشەدا لانیکەم 19 کەس گیانیان لەدەستدا، ئەم تاوانەش هەڵوێستی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا و پاپای لێکەوتەوە و شەرمەزاریان کرد، لەلای خۆشیەوە ڕووسیا ئەم تۆمەتەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە مووشەکەکە بەر فرۆشگایەکی چەکی ڕۆژئاوا کەوتووە.

شاپانی باسە لەو ڕۆژەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە هێرشەكانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکردووە ئەمریكا بە بەهای پتر لە شەش ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکرانیای کردووە.

پەیوەندیدار