بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵەی عێراق دەڵێت، لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە وەرگرتنی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی دیکەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆ.
محەممەد حەنوون، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵە و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 3.7.2022 سەبارەت بە پرۆسەی کڕینی بەرهەمی گەنمی خۆماڵی لە جووتیاران راگەیاند: “لەم پرۆسەیەدا کە لە 9ـی مانگی چواری ساڵی 2022ـەوە دەستیپێکردووە تاوەکو دوێنێ شەممە، کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵەی عێراق دوو ملیۆن و 50 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوە؛ بۆیە پێویستمان بە هاوردەکردنی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی دیکەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆ”.
محەممەد حەنوون گوتیشی: “حکومەتی عێراق پارەی پێویستی بۆ کڕینی گەنم تەرخان کردووە؛ بۆیە قۆناخ بە قۆناخ ئەو بڕە گەنمەی کە پێویستمانە لە دەرەوە دەیکڕین، ئێستاش گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیدا بۆ ئەو مەبەستە هەیە”.
حکومەتی عێراق ئەمساڵ هەر تۆنێکی گەنمی خۆماڵیی پلە یەک بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران دەکڕێت.
کۆی گەنمی جووتیارانی عێراق لە ساڵی 2021دا زیاتر لە سێ ملیۆن و 365 هەزار تۆن گەنم بوو، لە کاتێکدا لە ساڵانی پێش 2021 بەرهەمەکە دەگەیشتە نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن. وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبارەی هۆکارەکانی دەڵێت: “گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، کەمی ئاوی هاتوو لە تورکیا و ئێرانەوە سەرەکیترین هۆکار بوون و وایانکرد وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ناچار بێت رووبەری چاندن لە هەموو وڵات لە پێنج ملیۆن دۆنمەوە بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم کەمبکاتەوە”