ئەمڕۆ وادەی خۆتۆماركردنی كرێنشینان بۆ 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون كۆتایی دێت

بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیێنێت، کاتژمێر 12ی ئەمشەو وادەی خۆتۆماركردنی كرێنشینان بۆ 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کۆتایی دێت، ئاماژە بەوە دەدات لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە، ئاماژە بەوەش دەدات ئەمە قۆناخی یەکەمە، ئەوانەی لەم قۆناخە فۆرمیان پڕکردووەتەوە و سوودمەندن نابن، لە قۆناخەکانی داهاتوو سوودمەند دەبن.

رۆژی دووشەممە 04-07-2022، د. هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی وادەی تۆمارکردن بۆ 20 هەزار یەکە نیشتەجێبوونەکە، رایگەیاند: “کاتژمێر 12ی ئەمشەو وادەی خۆتۆماركردن بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی بۆ كرێنشینان کۆتایی دێت، دەبوو لە 2ی7 کۆتایی بێت، بەڵام ئێمە 48 کاتژمێر وادەکەمان درێژکردەوە بۆ ئەوانەی دەرفەتیان نەبووە داواکاری پێشکێش بکەن.”

بە گوتەی هەڤاڵ سدیق تاوەکو ئێستا نزیکەی “100 هەزار کەس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان فۆرمیان پڕکردووەتەوە، لە هەولێر و سۆران نزیکەی 50 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە، کە زۆرترین ژمارەیە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، پشکی ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 6 هەزار و 800 یەكەی نیشتەجێبوونە، سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین 8 هەزار و 600 یەکەیە، دهۆک و زاخۆش 4 هەزار و 600 یەکەی نیشتەجێبوونە.”

سەبارەت بەو کەسانەی کە لەو یەکانە سوودمەند دەبن هەڤاڵ سدیق دەڵێت: “بۆ دابەشکردنی یەکەکان لە هەر پارێزگایەک و ئیدارەیەکی سەربەخۆ لیژنەیەک پێکدەهێندرێت کە نوێنەری پارێزگا، دەستەی وەبەرهێنان، شارەوانی و تاپۆی تێدادەبێت، ئەوان بڕیار لەوە دەدەن کە کێ مافی پێدانی ئەو یەکانەی دەبێت.”

سەبارەت بە تێچووی یەکەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان، گوتی: “بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە بۆ هەر مەترێک 250-350 دۆلار تێچووەکەی دەبێت، رووبەری یەکەکانیش 3 جۆرن، 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بۆ ئەوانەی سەڵتن تەنیا مافی ئەوەیان هەیە 80 مەترییەکە هەڵبژێرن. یەکەکان شوقە دەبن کە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان 8 نهۆمی و لە قەزایەکانیش 3 نهۆمی دەبێت.”

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک پێشەکی وەردەگیرێت هەڤاڵ سدیق دەڵێت: “هێشتا بڕەکەی دەستنیشان نەکراوە. چەند بژارەیەکمان هەیە، یەکێک لە بژارەکان ئەوەیە 30٪ بێت بە قۆناخ بە قۆناخ، بژارەیەکی دیکەمان هەیە یەک قۆناخ وەربگیرێت بەڵام کەمتربێت لە 30٪، ئەوەی دەمێنێتەوە بکرێتە قیستی مانگانە تاوەکو 15 ساڵ.”

بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەدا دروستکردنی ئەو یەکانە “قۆناخی یەکەمە، بەردەوام دەبێت، ئەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئەگەر لەم قۆناخە چانسیان نەبێت، لە قۆناخەکانی داهاتوو ئەو چانسەیان دەبێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون.”

هەڤاڵ سدیق ئاماژەی بەوەشدا کە نووسراو بۆ شارەوانییەکان کراوە بۆ ئەوەی زەویی پێویست بۆ ئەو یەکانە تەرخان بکرێت، “لەم زووانە زەوی تەرخان دەکرێت، راستەوخۆ دەست بە دروستکردنی یەکەکان دەکرێت و لە ماوەی 24 مانگ واتە 2 ساڵدا دەبێت تەواو بکرێت.”

ووشەی خوێندراوە( 395) – zozk

پەیوەندیدار