رووسیا کۆنترۆڵکردنی لیسیچانسک و هەموو ناوچەی لوهانسک رادەگەیێنێت

سەرۆککۆماری دانپێدانەنراوی لوهانسکی هەرێمی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کۆنترۆڵکردنی هەموو ناوچەکانی کۆمارەکەی و دەرکردنی هێزەکانی ئۆکراینای راگەیاند و، سه‌رۆكی ئۆكرانیایش په‌یمان دەدات به‌زوترین كات روسیا راوه‌دو بنێین و شارەكە رزگار بكەنەوە.
رۆژی یەکشەممە،3-7-2022، رووسیا و هێزە چەکدارەکانی کۆنترۆڵکردنی شاری لیسیچانسک، دواشاری کۆماری دانپێدانەنراوی لوهانسکی سەر بە هەرێمی دۆنباسیان راگەیاند.
لیۆنید پاسیچنیک رایگەیاند، “ئەوەی کە هەشت ساڵە هەموومان هەوڵی بۆ دەدەین، هاتەدی؛ هێزە سەربازییەکانمان بە پاڵپشتیی هێزە سەربازییەکانی رووسیا شاری لیسیچانسکیان ئازادکرد و بەوجۆرەش کۆماری لوهانسک بە هەموو ناوچە و سنوورە مێژووییەکانی، ئازادکران و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانماندان”. گوتیشی، هێزە سەربازییەکانیان بە وریاییەوە هەموو ماڵ، شەقام و گوندێكی کۆماری لوهانسکیان لە دەستی هێزەکانی ئۆکراینا، “دەرهێنا و ئازادکرد”.
لە بەرامبەردا، لەدوای چەندینجار بە درۆخستنەوەی هەواڵەکە، وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا کشانەوەی هێزەکانی لە لیسیچانسک راگەیاند و گوتی، “بەمەبەستی بەرگریکردن لە گیانی سەربازە ئۆکراینییەکان، فەرمانمان دەرکرد بە کشانەوەی هێزەکانمان لە شارەکە و ئاماژەشی بە سەرکەوتنی رووسیا لە گۆڕەپانی شەڕەکە کرد”.
هەرێمی دۆنباس لە هەردوو ناوچەی لوهانسک و دۆنێتسک پێکدێت و بە کۆنترۆڵکردنی لیسیچانسک، ئیدی هەموو ناوچەی لوهانسک دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی رووسیا و هێزە چەکدارە هاوپەیمانەکانی.
سەبارەت بە ناوچەی دۆنێتسک کە بەشی خوارەوەی هەرێمی دۆنباس پێکدەهێنێت، هێشتا رووسیا کۆنترۆڵی کەمتر لە نیوەی ناوچەکە دەکات و هەواڵگریی بەریتانیا پێشبینی دەکات تاوەکو پاییزی ئەمساڵ، رووسیا کۆنترۆڵی بەشی زۆری ناوچەکە بکات.
لەلایەكی دیكەوە ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستیان بۆ داگیركه‌ران شل نه‌كردوه‌ و كشانه‌وه‌یان له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ له‌ شاری لیسیكانسك، تاكتیكێك بو بۆ پاراستنی هاوڵاتیانیان و “په‌یمان بێت به‌زوترین كات روسیا راوه‌دو بنێین”.
به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Sky News، پاش ئه‌وه‌ی به‌رگری روسیا هه‌واڵی كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی هه‌رێمی لوهانسك-ی بڵاوكرده‌وه‌، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ئه‌مڕۆ رایگه‌یاندوه‌، په‌یمان ده‌داتن به‌وه‌ی ته‌واوی شاره‌كانی وڵاته‌كه‌یان كۆنترۆڵده‌كه‌نه‌وه‌.
وتیشی، “ئه‌گه‌ر رزگاركردنی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانمان له‌ شاری لیسیكانسك به‌ كشانه‌وه‌ و شكستی گه‌وره‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌مان هه‌ژمارده‌كرێت، ئه‌وا با هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بیر له‌ پلانه‌كانمان بكرێته‌وه‌”.
سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، “ئه‌و هه‌نگاوه‌ی فه‌رمانده‌كانی به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌رگری كردن له‌ ناوچه‌كانی دۆنباس و به‌ تایبه‌ت له‌ لوهانسك كردیان كارێكی مه‌زنه‌، چونكه‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌وان یه‌كێك بو له‌ تاكتیكه‌ سه‌ربازییه‌كانمان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان له‌و شاره‌”.
باسی له‌وه‌شكردوه‌، “به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ شاره‌كانمان نه‌كشاوینه‌ته‌وه‌، ده‌ستمان له‌ ولاته‌كه‌مان بۆ داگیركه‌ران به‌رنه‌داوه‌، به‌ڵام گۆڕینی تاكتیكه‌كانی جه‌نگ مانای شكست و كه‌وتن نییه‌، چونكه‌ ژیانی هاولاتیانمان له‌لا پیرۆزتره‌، په‌یمان بێت به‌زوترین كات روسیا راوه‌دو ده‌نێین”.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا رایگه‌یاندبو، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی هێرش تاكتیكی سه‌ربازه‌كانیانه‌وه‌، هێزه‌كانی ئۆكرانیا له‌ دوا خاڵی به‌رگری كه‌ شاری لیسیكانسك بو پاشه‌كشه‌یانکرد، سوپای وڵاته‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی توانیان ته‌واوی هه‌رێمی لوهانسك كۆنترۆڵبكه‌ن و ئه‌مه‌ش “رێگه‌ بۆ هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری گه‌لی لوهانسك ده‌كاته‌وه‌ تا خۆیان، خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن”.

ووشەی خوێندراوە(415)- zozk

پەیوەندیدار