دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان 4.95% و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 78.62% بەرزبووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG)، رێژەی هەڵاوسان لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بە رێژەی 8.31% و هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 175.55% بەرزبووەتەوە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە چواری تەممووزی 2022، قەبارەی هەڵاوسانی مانگی حوزەیرانی 2022ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە حوزەیرانی 2022دا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2021، رێژەی هەڵاوسان 4.95% و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 78.62% بەرزبووەتەوە. ئەمەش بەرزترین ئاستی هەڵاوسانە کە لە 20 ساڵی رابردوودا لە تورکیا تۆمارکرابێت.
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) کە هەر ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هەڵاوسان لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بە رێژەی 8.31% و هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 175.55% بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، بەرزترین هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 123.4% لە کەرتی گەیاندن و گواستنەوەدا تۆمارکراوە. کەرتی خۆراک و خواردنەوە ناکحولییەکانیش بە هەڵاوسانی 93.93% بە پلەی دووەم و کەلوپەلەکانی نێو ماڵ بە هەڵاوسانی 81.14% بە پلەی سێیەم دێن.
لە ساڵی 1998ـەوە یەکەمجارە لە تورکیا ئاستی هەڵاوسان بەو ئاستە بەرزببێتەوە، بەمەش تورکیا لە 20 وڵاتی جیهان کە گەورەترین ئابوورییان هەیە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی تۆمارکردووە.
ووشەی خوێندراوە ( 182) – zozk