بەڵێن عەبدوڵڵا: حكومەت لەهەموو كابینەكان گیرۆدەی ئەوەبووە كە حزب پێشی حكومەتە

بەشی دووەم و كۆتایی

بۆتان نەجات – فەرمان حوسێن

 بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ (رێگای كوردستان) باس لە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، پرسی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاری هاوبەشی حزبە چەپەكانی كوردستان دەكات.

نەبوونی كارنامەی نیشتیمانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق

بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باس لە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق و هەرەشەی میلیشاكانی عێراق بۆسەر هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: “ئامانج لەو هێرشانەی كەمیلیشیاكان ئەنجامی دەدەن، لە قالبدانی هەرێمی كوردستانە، دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق دەیانەوێت تەنها بەناو هەرێمی كوردستان بمێنێت و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری نەبێت و پارێزگاكان وەكو پارێزگاكانی باشور و ناوەراست لێ بێت”.

لەبارەی هەڵوێستی هەرێم لەبەرامبەر ئەو هەرەشە و هێرشانە سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان رایگەیاند: “هەرێمی كوردستان هەمیشە لە پەیامە سیاسیەكانی داوای لە دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق كردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان و هەولێر و بەغدا تەنها پشت بە دەستور ببسترێت”.

سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان ئەوەش ناشارێتەوە كە: “ئەو لێكترازان و لێك پچرانەی لەناو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەرێم لەبەرامبەر عێراق لاواز كردووە”، ناوبراو گوتیشی:”بەرژەوەندی حزبی رۆڵ دەبینێت كە چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەین، ئێمە كێشەی گەورەمان هەیە لەوەی وەكو پێویست كارنامەیەكی گشتگیرو نیشتیمانیمان نییە، تاوەكو گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەین تاوەكو مافە سەرەتاییەكانی خۆمان تێدا دەستەبەر بكەین، نەك بەتەنها گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بەڵكو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی هەرێمیش پێویستمان بە پرۆژە و كارنامەی نیشتیمانی هەیە”.

بەڵێن عەبدوڵڵا جەحتە لەسەر ئەوە كردەوە كە: “ئێمە خاوەنی دۆزێكی نیشتیمانی و نەتەوەیین، ئێمە كێشەی نەبوونی دەوڵەتمان هەیە، هەربۆیە ئەگەر بێت و لایەنە سیاسییەكان بەپێی ئەو دەستورەی كە هەیە لەسەر كارنامەیەكی نیشتیمانی رێكبكەون، بەهەماهەنگی و هاوكاری یەكتری بچینە بەغدا و لەگەڵ دەسەڵاتدارەكانی عێراق بكەوینە گفتوگۆ و قەزیەی خۆمانییان بە یەكگرتووی بخەینەروو، ئەوكات لەپەیامی ئێمە تێدەگەن و دەكەونە ژێرباری داوكاریەكانمان”، دەشڵێت:” هەمیشە لایەن سیاسیەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق پێویستیان بە لایەن كوردستانییەكان هەیە و ناچارن لە بەرامبەر یەكگرتوویی ئێمە ملكەچ بن”.

بەرژەوەندی حزبی كاریگەری لەسەر ماف و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان

بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی ئەرك و ماف و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی عێراق رایگەیاند، ” بەداخەوە ئەجێندا و بەرژەوەندی حزبی كاریگەری لەسەر ماف و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت واپێویست دەكات ئەو كەسانەی كە لەبەغدا پلە و پۆستیان پێدەدرێت دەبێ خەڵكانی شایستەبن و بەرگری لەمافی هاوڵاتیانی كوردستان بكات، ئینجا ئەو پلە و پۆستە لە سەرۆك كۆمارەوە بگرە تاوەكو بەرێوەبەر و بەرێوەبەری گشتی لە فەرمانگا حكومییەكان”، ناوبراو راشیگەیاند، “جێگای داخە دەسەڵاتداران سودیان لە نەسازان و ئەو درزە بینیووە كە لەنێو ماڵی كوردی هەیە و وەكو كارتێكی فشار لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەكاریان هێناوە”.

سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باسی لەوەشكرد كە، “ئێمە وەكو حزبی زەحمەتكێشان هەمیشە گوتوومانە هەركەسێك چووە پشتی حەمرین و بەرەو بەغدا رەوانكرا و پۆستێكی وەرگرت، پێویستە جلوبەرگە حزبیەكەی فرێبدات و جلوبەرگە كوردیەكەی لەبەر بكات”.

رۆڵی هەرێمی كوردستان لە ئاڵانگارییەكانی ناوچەكە

بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باسی لەو مەترسیانە كرد كە رووبەرووی هەرێم دەبێتەوە و گوتی: “ئێمە لە ناوچەیەك دەژین پڕ لە كێشە و قەیرانە، ئەوە ئێرانە، ئەوە توركیایە، ئەوە سوریایە، ناوچەكە بەگشتی پڕ لە كێشە و ململانێ، ئەوە جگە لە بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان لە ناوچەكە، لەونێواندەدا هەرێمی كوردستان لەو گۆڕانكاریە سیاسی و ئابووریە رۆڵی گرینگی دەبێت، بەڵام دووبارە كوردستان سیاسەتێكی گشتگیری نییە، تاوەكو بەپێی دۆخەكە بەرژەوەندی خۆیی بپارێزێت”، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتیشی “ئێمە رۆژ لە دوای رۆژی لەهەرێمی كوردستان خەڵكمان بێ متمانە كردووە، بەتایبەت لەدوا هەڵبژاردن جەماوەر بەهۆی دەنگ نەدانیەوە كارتی سووری بە هەموو لایەنەكان نیشاندا، بەتایبەت ئەو دەنگدانە دەستنیشانكردنی نوێنەرەكانمانە بۆ ئەوەی لە بەغدا بەرگری لە قەزیەی كوردی بكەن، بەرگری لە شایستە دارایی و سیاسەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو سزادانە ئەوە دەگەیەنێت، خەڵك نارازییە، خەڵك نیگەرانە، دەبێ بپرسین ئەو هەموو نیگەران و نارازیبوونەی خەڵك هەڵوەستەی بە لایەنە سیاسیەكان كردووە؟ من دەڵێم نەخێر هەڵوەستە نەكراوە”.

سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەوەشی نەشاردەوە كە”بۆ ئەوەی خەڵك ئاشتبكەینەوە دەبێ كۆمەڵێك هەنگاوی جدی بگرینەبەر، بۆنموونە دەبێ هەڵسەنگدانی تەواو لە خۆماندا بكەین بە تایبەت هەر لە ساڵی 1992 تاوەكو 2022، كەموكوریەكانی خۆمان دەست نیشان بكەین و پێداچوونەوە تێدابكەین، ئەوە لەكاتێك بۆ ئەو هەنگاوە وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتە زلهێزەكان ئامادەن هاوكاری باشتربوونی دۆخی كوردستان بكەن، ئێمە نابێ ئەوەش لەبیر بكەین هەرێمی كوردستان بەروارد بەعێراق و هەندێ ناوچەی دیكەی هەرێمی زۆرباشتربین و لەپێش ئەوان بین، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبیر نەكەین دەبێ گۆرانكاری گەورە بكەین لەبواری ئابووری و چاكسازی و دابینكردنی یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان”.

پەیوەندی نێوان خەڵك و حزب و حكومەت

بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان باسی لە پەیوەندی نێوان خەڵك و حزب و حكومەت كرد و رایگەیاند “ناكرێ بەرژەوەندی حزبەكان پێش بەرژەوەندی خەڵك بكەوێت، حكومەت لەهەموو كابینەكان گیرۆدەی ئەوەبووە كە حزب پێشی حكومەتە، حزب كاریگەری لەسەر دامودەزگاكانی حكومەت هەیە، خەڵك ئەوە بەزەقی دەبینێت”.

بەڵێن عەبدوڵڵا باسی لەو سزادانەكرد كە خەڵكی كوردستان لەكاتی هەڵبژاردن بە لایەنە سیاسیەكانی بەخشی و گوتی “خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر هێزە سیاسیەكان بێدەنگ نییە، لەكاتی دەنگدان و رێژەی بەكەمی رێژەی بەشداری دەنگدانی لە دواین هەڵبژاردن كارتی سوور و پەیامی خۆی بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان گەیاند، لەوەی لەو دۆخە رازی نییە، بۆنموونە سێ نەوە مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدان پێدرا، ئینجا ئەگەر بەراوردی رێژەی دەنگدان بكەین لە هەموو لایەنە سیاسیەكان بەراورد بە هەڵبژاردنەكانیتر كەمی كردووە”.

دۆسیەی یاسای هەڵبژاردن و بەسەرچوونی ماوەی یاسایی كۆمسیۆن

بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باسی لە یاسای هەڵبژاردن و بەسەرچوونی ماوەی یاسایی كۆمسیۆن كرد و گوتی “ئێمە لە هەرێمی كوردستان یاسایەكمان هەیە، دوو خولی پەرلەمانی هەڵبژاردنی پێكراوە، لەگەڵ ئەوەش لەكاتی پێكهێنان و دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێنج حزبی سیاسی كە حكومەتیان پێكهێنا، هەر ئەوانیش ئەندامانی كۆمسیۆنیان لەسەربنەمای حزبی پێكهێنا، لە ئێستادا كۆمسیۆن دوو ساڵە ماوەی یاسایی تەواو بووە و بەسەرچووە، ئەمە لەكاتێك لایەنە سیاسەكان نە تەمەنی كۆمسیۆنیان درێژكردووە، نە كۆمسیۆنێكی بێ لایەنیان پێكهێنا، دوو ساڵە ئەندامانی كۆمسیۆن هەمان دەواكاریان هەیە لەوەی تەمەنی كۆمسیۆن درێژ بكرێتەوە یان هەڵبوەشەندرێتەوە”، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان گوتیشی ” لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی پێنج حزبەكە لەو كۆمسیۆنەدایە و كە فەرمانبەرەكانی كۆمسیۆنیش بەسەرخۆیاندا دابەشكردووە و یەك فەرمانبەری بێ لایەنی تێدا نییە، بۆیە كۆمسیۆنیان بەو دۆخە گەیاند”.

بەڵێن عەبدوڵڵا باسی لەوە كرد كە “لەو رۆژەی كە كۆمسیۆن پێكهێنرا، ئێمە و حزبی شیوعی و لایەنەكانیتر بەیاننامەمان دەركرد و رامانگەیاند كە ئەو كۆمسیۆنە بە حزبیكراوە و مافی ئەوەیان نییە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكەن، ئێستاش دووباری یاداشتی خۆمان داوەتە پەرلەمانی كوردستان و داوامانكردووە كە كۆمسیۆنێكی بێ لایەن سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكات”، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان راشیگەیاند “ئێمە داوای ئەوەمان كردووە كە ئەو یاسایەی كە دوو لە خولەكانی پێشوو بەیەك بازنە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان پێ ئەنجامدراوە، وەك خۆیی بمێنێت و بەهەمان یاسا هەڵبژاردن بكرێت، واتا بەیەك بازنەیی بێت”.

 سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان باسی لە گرنگی یەك بازنەیی كرد و گوتی “گرنگی یەك بازنەیی لەوەدایە كە بۆنموونە كەسێك لە كۆیە خۆیی هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەزموونی كار و دەركەوتنی لەماوەی دەساڵی رابردوو لەشارێكی دیكەی كوردستان بووە، بۆ دەبێ ئەو كەسە بە فرەبازنەیی غەدری لێ بكرێت بەوەی كە دەنگەكانی شارەكانیتری بفەوتێت، لەكاتێك ئەو دەبێتە نوێنەری خەڵك، خەڵكیش واتە هەموو كوردستان، ئێمەی نموونەی ئەوەمان هەیە كە فرەبازنەیی لە عێراق وای كردووە كە هەموو لایەنەسیاسیەكانی عێراق پەشیمانن لەو فرەبازنەییە و تێكرا دەیانەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە و بیكەنەوە یەك بازنەیی”.

لێژنەی هاوبەشی كاری چەپەكان و ئەرك و كارنامەی داهاتوو

بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی كاری هاوبەشی چەپەكانی كوردستان گوتی “ئێمە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لێژنەی هاوبەشی كاری چەپەكانمان هەیە كە پێكهاتوون لە (حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان)، هەروەها لە هەرچوار پارچەی كوردستان كۆربەندی چەپەكانمان هەیە، ئەوەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشمان بڕیوە، بەتایبەت لە روویی سیاسیەوە هەڵوێستی هاوبەشمان هەیە و بەیاننامەی هاوبەش بەیەكەوە دەردەكەین، لەروویی میدیایەوە هەنگاوی باش دەنێین، بڕیارە لەرووویی رێكخراوە جەماوەرییەكان كار لەسەر كاری هاوبەشی دەكرێت”، بەڵێن عەبدوڵڵا ئەوەشی نەشاردەوە كە “رەنگە لە ئاستی پێویست نەبێت و هێشتان ماومانە، بەڵام لەنێو ئەو سێ لایەنە متمانەیەكی باش هەیە لەوەی كارە هاوبەشەكان رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و كاری حزبی”.

دیمانە : رێگای كوردستان

ووشەی خوێندراوە ( 1244) A;bestun latef

پەیوەندیدار