ژمارەی ئەندامانی خێزان و گەشەی دانیشتووان لە عێراق کەمبووەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و گەشەی دانیشتووان لە عێراق کەمبووەتەوە و تاوەکو ساڵی 2030یش ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەگاتە 50 ملیۆن کەس.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق رایگەیاند، “بەپێی خەمڵاندنمان ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2021دا، 41 ملیۆن کەس بووە. لە ئاستی خێزاندا تێکڕای منداڵ 6 بۆ 7 منداڵ بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە بەپێی دۆخی ئابووری و ئاستی خوێندن لەنێوان گوند و شار و لە نێوان پارێزگاکاندا جیاوازە.”

گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق روونیکردەوە، بەپێی ئاماژەکان تێکڕای گەشەی دانیشتووان کەمیکردووە، 10 ساڵ لەمەوبەر رێژەی گەشەی دانیشتووان 3٪ بوو، بەڵام ئێستا ساڵانە گەشەی دانیشتووان 2.6٪ـە، تەنانەت منداڵبوونیش لە ماوەی ئەم 10 ساڵەی دواییدا کەمیکردووە، پێشتر بە تێکڕا هەر خێزانێک 7 منداڵ یان زیاتری هەبوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە 7 منداڵ، بەڵکو 5 بۆ 6 منداڵە لە شار و شەش منداڵیش لە گوندەکاندان. بۆیە گەشەی ساڵانەی دانیشتووان کەمیکردووە.”

بۆ 10 ساڵی داهاتوودا، بەپێی خەمڵاندنی ساڵانە، وەزارەتی پلاندانان پێشبینی دەکات رەنگە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030دا بگاتە 50 ملیۆن کەمتر یان زیاتر.

عەبدولزەهرە هینداوی، ئاماژەی بەوەشکرد، “بە زیادبوونی ساڵانە، کە 2.6٪ـە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە ملیۆنێک یان کەمتر زیاد دەکات، بۆیە ئەگەر لە ئێستاوە تاوەکو ساڵی 2030 هەژماری بکەین، ئەوا ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە کۆتایی 2022 دەگاتە 42 ملیۆن و تاوەکو 2030یش رەنگە بگاتە نزیکەی 50 ملیۆن کەس، بەڵام ئەم ژمارەیە خەمڵاندنە.”

دوای بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2023، بە گوتەی هینداوی، ئەوکاتە “ژمارەی دانیشتووان بە دروستی دەزانرێت کە چەندە. لەسەر ئاستی عێراق و هەر پارێزگا و گوند و شارەکانەوە، ئەوکات وێنەکە زیاتر روون دەبێتەوە.”

پەیوەندیدار