ڕاوێژکارێکی دارایی كازمی: مه‌ترسی مایه‌پوچبونی عێراق ئاشكرا دەكات

هەرچەندە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتەکانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە، بەڵام ڕاوێژکارێکی دارایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران هۆشداریداوە لەوەی، مەترسیی هەیە لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا جارێکی تر نرخی نەوت هەره‌س بهێنێته‌وه‌و عێراقیش توشی مایەپوچبونی دارایی بێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، “هیچ گومانی تێدانییە کە نرخی نەوت دادەبەزێته‌وه‌و لەو ئاستەی ئێستادا نامێنێتەوە کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا زۆر هەڵکشاوە”.

بەوتەی ساڵح، “پێویستە عێراق سوود لەو بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوته‌ ببینێت‌و پڕۆژەی وەبەرهێنان‌و پڕۆژەکانی بواری پەرەپێدانی پێ جێبەجێبکات، بەوپێیەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاتیەو دوای ڕاوەستانی جەنگی ئۆکرانیا، جارێکی تر نرخی نەوت دادەبەزێتەوەو عێراقیش تووشی قەیرانی دارایی دەبێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوریی عێراقیی لەبڵاوکراوەیەکدا کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە ده‌ڵێت:”عێراق لەماوەی پێنج مانگی ڕابردودا بەبەهای 15 ملیار دۆلار سەرڕێژی دارایی هەبووە”.

مەرسومی باسی لەوەکردووە، تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ عێراق 62.218 ترلیۆن دیناری دەستکەوتووە، بەڵام خەرجییە گشتییەکان لەوماوەیەدا 40.384 ترلیۆن دینار بووە، بەوجۆرە سەرڕێژی ڕاستەقینە بریتی بووە لە21.834 کە دەکاتە 15.057 ملیار دۆلار.

پەیوەندیدار