حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار فرۆشتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ئاماری سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم بڕی ٣٤ ملیۆن و ٩٣٢ هەزار و ١٦٨ بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە بە بەهای سێ ملیار و ٢٨ ملیۆن و ٩٠٣ هەزار و ٤٩٧ دۆلار فرۆشتووە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕی ٤٠٩ هەزار و ٣٧ بەرمیل نەوتی بە بەهای ٣٤ ملیۆن و ٤٥٣ هەزار و ٣٩٤ دۆلار بە ناوخۆ فرۆشتووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکەی حکومەتی هەرێم، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی ٣٥ ملیۆن و ٣٣٢ هەزار و ٢٠٥ بەرمیل نەوتی بە بەهای سێ ملیار و ٦٣ ملیۆن و ٣٥٦ هەزار و ٨٩١ دۆلار فرۆشتووە.
حکومەتی هەرێم لە کۆتایی ئامارەکەدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بڕی یەک ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٨٤١ هەزار و ٢٣٢ دۆلار ماوەتەوە کە بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخان کراوە.
دەشڵێت، لەماوەی ئەو سێ مانگەدا نرخی یەک بەرمیل لەو نەوتەی بە بۆری هەناردەی دەرەوەی هەرێم کراوە ٨٦ دۆلار و ٧٣ سەنت بووە و نرخی یەک بەرمیلی ناوخۆش ٨٤ دۆلار و ٢٣ سەنت بووە.