بڕیارە هەینی داهاتو رەوتی سەدر لە بەغدا و لەژێر ناونیشانی “نوێژی هەینی یەکگرتویی” گردبونەوەیەکی ملیۆنی ساز بکات، بەرپرسێکی ئەو رەتەش داوا لە لایەنگرانیان دەکات جگە لە ئاڵای عێراق و شەهیدانی سەدر، هیچ ئاڵا و لۆگۆیەکی دیکە بەرزنەکرێتەوە و هیچ کەسێکیش نابێت چەک لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت.
ساڵح محەمەد عێراقی، کەسایەتی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا ژمارەیەک رێنمایی بۆ لایەنگرانی رەوتەکەی بڵاوکردوەتەوە و لە بەشێکی رێنماییەکاندا باس لەوەکراوە، لە “نوێژی هەینی یەکگرتویی”دا زۆر داوای لێخۆشبون بکەن و وەک ئاماژەیەکی مەرجەعەکەشتان بە جلوبەرگی کفنەوە بەشداری بکەن، هەروەها نابێت جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەکی دیکە بەرزبکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دروشمی گردبونەوەکە لەلایەن لیژنەی باڵاوە دیاریکراوە و لایەنگران دەبێت پابەندی دروشمەکان بن، هەروەها بەرزکردنەوەی وێنەی محەمەد محەمەد سادق سەدر پێش نوێژی هەینی رێگەپێدراو دەبێت، بەستنی دەمامکیش رێکاری ناچارییە بۆ هەموان.
گردبونەوەکە لەکاتێکدایە رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق کشاوەتەوە و لەئێستادا زیاتر وەک ئۆپۆزسیۆنێکی میللیی دەردەکەوێت، لە بەرامبەریشدا تائێستا چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رانەگەیاندوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان هاوپەیمانییەکە بەدوای کەسایەتییەدا دەگەڕێت کە موقتەدا سەدر، ئەمریکا، ئێران و وڵاتانی هەرێمی رەزامەند بن لەسەری.
ووشەی خوێندراوە (174) – zozk