سەرۆکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە عێراق، کە زۆربەی لایەنە سیاسییە شیعەکانی تێدایە، جگە لە رەوتی سەدر، رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیکبووەتەوە لە دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، شەوی رابردوو، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، “چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان قۆناخێکی بڕیوە و پێشکەوتنی بەدیهێناوە و رێگەچارەی داناوە.”
سەرۆکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی راشیگەیاند، “چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕووی هەموو هاوبەشە سیاسییەکاندا کراوە بوو، دوور لە پەراوێزخستن. ئێستاش چوارچێوە نزیکبووەتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی، کە گرنگترینیان دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێک بتوانێت دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری باشتر بکات، بۆ خزمەتکردنی عێراق و گەلی عێراق.”
ئەو گوتانەی نووری مالیکی دوای چەند کاتژمێرێک بوو لە گوتەکانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، کە باڵی سیاسیی زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییە و گەورەترین هاوپەیمانی مالیکییە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە رایگەیاندبوو، “بەربژێر نیم بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و قبووڵیش ناکەم بەربژێر بکرێم بۆ ئەو پۆستە، بەڵام پشتیوانیی هەر بەربژێرێک دەکەم کە برایان لەنێو چوارچێوەدا لەسەری رێکدەکەون، هەرچەندە بڕیارمان داوە لە ئایندەدا لە هیچ حکومەتێکدا بەشدار نەبین.”
دوای ئەوەی هەموو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری لە پەرلەمانی عێراق، کە ژمارەیان 74 پەرلەمانتار بوو، بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەوەیش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراق هەیە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئێستا چاوەڕوان دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سوننەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگەنە رێککەوتن و حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن.
جگە لە هاوپەیمانیی فەتح، هەروەها هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم و فراکسیۆنی حقوق، کە هەردووکیان لەنێو چوارچێوەدان، بڕیاریانداوە بەشداریی حکومەتی داهاتوو نەکەن.
ووشەی خوێندراوە (250) – zozk